جەژن نزیکە و ئاژەڵی قوربانییش گران بووە
ئاژەڵی سوری نایەتە کوردستان و تەنیا ئێرانی دێت
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
جەژنی قوربانی پیرۆز نزیکبووەتەوە و ئیتر مەیدانی فرۆشتنی ئاژەڵ و مەڕوماڵات لە هەولێر قەرەباڵغی تێکەوتووە، بەڵام نرخی ئاژەڵ گران بووە و ئەرکی ئەو کەسانە قورسە، کە بیانەوێت قوربانی بکەن و ئەو ئەرکە ئایینییە جێبەجێ بکەن.
هاوڕێ سلێمان، هەم جوتیارە و هەمیش ئاژەڵفرۆشە، ئەو دەڵێت، ئاژەڵ لە دەرەوە نایەت، بۆیە گران بووە.
دەشڵێت، خەڵک زیاتر بەرانی دەوێت، کە بۆ قوربانی گونجاوە، بەڵام نرخی گرانبووە و کیلۆی نۆ هەزار دینار و زیاتریشە.
لای خۆیەوە محەمەد تۆفیق کە ئەزموونی زۆری لە بازاڕی ئاژەڵاندا هەیە، دەڵێت، ئێستا تەنیا لە ئێرانەوە ئاژەڵ و مەڕوماڵات دێتە کوردستان و لە سوریا و شوێنی دیکەوە نایەت، ئەمەش وایکردووە ئاژەڵ گران بێت.
دەشڵێت، چەرچییەکان ئاژەڵ گرانتر دەکەن، مەڕی چاک کیلۆی بە هەشت هەزارە و بزن بە حەوت هەزار دینارە، هەروەها بەران کیلۆی بە نۆ هەزارە.
محەمەد دەڵێت، ئاژەڵی سوریا دەچێتە سعودیە و پارەی زیاتر دەکات، بۆیە نایهێنن بۆ کوردستان.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا