نێچیرڤان بارزانی لە دیداری مێری:

“ریکۆردمان شکاندووە لە دواکەوتن بۆ پێکهێنانی حکومەت”

توانا نەقی

لە یەکێک لە پانێڵەکانی دیداری مێری لە هەولێر نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم زۆر بەوردی تیشکی خستە سەر زۆر بابەت لە چوارپارچەی کوردستان و کێشەکان لەگەڵ عێراق و پێکهێنانی حکومەتی هەرێم.

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەکرد، کۆبوونەوەیان هەبووە لەگەڵ یەکێتی و سەرەتای هەفتەی داهاتوش کۆدەبنەوە لەسەر پێکهێنانی حکومەتی نوێ.

سەبارەت بە کێشەکانیان لەگەڵ عێراق دەڵێت، هەموو کێشەکان پەیوەندیان بە جێبەجێ نەکردنی دەستوورەوە هەیە وەک خۆی.

ئەمە بەشێکە لە قسەکانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم لە دیداری مێری:

– وەکو کورد هەم دەرفەتمان هەیە و هەم تەهدیدمان دەکرێت لەم قۆناغەدا
– ئێستا گەورەترین هەڕەشە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان لە رووی ئابوورییەوەیە
– پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا هەم لەلایەن ئەردوغان و هەم لەلایەن ئۆجەلانەوە پرۆسەیەکی جدییە
– هەرێمی کودستان یارمەتی پرۆسەی ئاشتی دەدات لە تورکیا
– دەستخۆشی و پیرۆزبایی لە رۆژئاوای کوردستان دەکەم بۆ ئەوەی کردوویانە
– دژایەتیکردنی کوردم لە ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری سوریا نەبینی
– بە جەنەراڵ مەزڵومم وتووە لە ئێمەوە فێر بن هەندێک هەڵە مەکەن و هەندێک شت بکەن
– هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی کوردی رۆژهەڵات زۆر نابەرپرسیارانە رەفتاریان کردووە
– سیاسەتی ئێمە وەک یەکێتی و پارتی ئەوە بوو نابێت هەرێم ببێت بە بەشێک لە شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران
– بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم یەکێتی و پارتی زۆر هەماهەنگ و سەرکەوتوو بوون
– ئاساییە عێراق ئێستا پێویستی بە هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان نەبێت
– ئێمە سوپاسی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان دەکەین
– عێراق و هەرێمی کوردستان پێویستیان بە سیستمی بەرگری ئاسمانی هەیە، دەبێت چەک بەدەست دەوڵەتەوە بێت
– ئەوەی لەسەر زەوی داعشی شکاند پێشمەرگە و سوپای عێراقی و حەشدی شەعبی بوون
– کێشەی جەوهەری لە نێوان هەرێم و عێراق سیستمی بەڕێوەبردنی عێراق و دەستوورە
– ریکۆردمان شکاندووە لە دواکەوتن لە پێکهێنانی حکومەت و پێش بەلجیکا کەوتین
– لەسەر پێکهێنانی حکومەت لەگەڵ یەکێتی سەرەتای هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوە دەکەین