نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان – وێنە؛ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان
لە میدیای ئێرانەوە
سەرۆکی هەرێم و وەزیری دەرەوەی ئێران بە تەلەفۆن قسەیان کرد
ئەرسەلان عەبدوڵا
بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە پێگەیشتووە و دۆخی ناوچەکەیان تاوتوێ کردووە.
ئاژانسی هەواڵی ئێران (ئێرنا) ئەمڕۆ شەممە 23.5.2026 بڵاویکردەوە، وەزیری دەرەوەی ئێران عەباس عێراقچی بە تەلەفۆن پەیوەندیی بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانییەوە کردووە و دۆخی ناوچەکەیان باس کردووە.
سەرچاوەکە دەڵێت، پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی کوردستان، لەوانە ئاڵوگۆڕە ئابووری و بازرگانییەکان و بەهێزکردنی هەماهەنگییەکان بۆ پاراستنی ئاسایشی سنوورە هاوبەشەکان باس کراوە، جگە لەوە باس لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریش کراوە.
وەک سەرچاوەکە باسی کردووە، هەردوولا سەبارەت بە گۆڕانکارییە ناوچەییەکان و گرنگیی بایەخدانی وڵاتانی ناوچەکە بۆ بەهێزکردنی ئاسایش بیروڕایان گۆڕییەوە.
تا ئێستا میدیای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان هەواڵەکەی لای خۆی بڵاونەکردووە.