بەبیانووی زیادەڕۆی
شارەوانی لە تەپەتۆڵەکەی هەڵەبجە ژمارەیەک خواردەمەنی روخاند
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە
لە ناحیەی سیروان-ی پارێزگای هەڵەبجە، لیژنەی زیادەڕەوی بە ئاگاداری پارێزگار هەڵمەتێک بۆ رووخاندنی بەشێک لە خواردنگە و دوکانانەی کە لە گوندی تەپەتۆڵەکە ئەنجامدا و کەسی یەکەم ناوچەکە ئامادەنییە هیچ زانیارییەک بخاتەڕوو.
خواردنگەکان لەسەر رێگەی سەرەکی هەڵەبجە – سەیدسادقن ئەوە بە جادە تازە ناسراوە، لە هەڵەمەتەکەدا بەشێک لەو شوێنانە رووخێنران، کە کەپر بوون یان بە دیوار و جەمەلۆن بوون، کەلانە و دۆ و خواردەمەنییان تێدا دەفرۆشرا.
شەوکەت مەحمود، خاوەنی یەکێک لە شوێنەکان بۆ 964 قسەیکرد و وتی، هەموو ئەو شوێنەی کە درووستکراوە بە ئاگاداری بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی سیروان و گەشتوگوزار و لایەنی پەیوەندیدار بووە، هیچ گۆڕانکارییەکمان نەکردووە، یان هیچ شتێکمان زیاد نەکردووە ئەگەر ئەوانمان لێ ئاگادار نەکردبێتەوە، هەر بۆیە پێمان ناخۆشە و بێتاقەتین بە رووخاندنی شوێنەکانمان.
سەبارەت بە ئاگادارکردنەوەی پێشتر خاوەنی شوێنەکە وتی، پەیوەندییان کردووە، و پێیان وتووم کە پێویستە 35 مەتر بگەڕێینەوە دواوە، و ئەوەی لەسەر ئەو رووبەرە درووستکراوە کە زیادەڕۆیە، بیروخێنین، ئێمەش بەو کاتە کەمە نەمانتوانیوە ئەوە بکەین کە داوایان کردووە، هەرچەندە ئێمە وەک شوێنەکەی خۆمان دەستمانکردووە بە رووخاندن و ئەمڕۆش تا کاتژمێر حەوتی ئێوارە کرێکارمان هەبووە، و ئیشمانکردووە، بەڵام بەو کاتە کەمە نەمانتوانیووە هەمووی بڕوخێنین.
بژێوی خێزانەکەی ئێمە لەسەر ئەو شوێنەیە و چەند کچێکم سەرپەرشتی دەکەن کە هەموویان دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکانن، کچەکانم بۆ بژێوی خۆیان و عیلاجی من لەو شوێنەدا کاریانکردووە، وەک ئەوەی ئێمە داوای دامەزراندنمان نەکردووە، با حکومەتیش هاوکاری بکردینایە و کاتێکی زیاتری پێبداینایە، نەک بەو شێوەیە ئەو هەموو زیانەمان بەر بکەوێت، شەوکەت مەحمود وای وت.
لەبارەی هەڵمەتە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 3.9.2026 پەیامنێری تۆڕی 964 لە هەڵەبجە، پەیوەندی بە بەڕێوەبەری ناحیەی سیروان هێمن حەمە حسێن- وە کرد، بەڵام ئامادە نەبوو هیچ روونکردنەوە و وردەکارییەکی هەڵمەتەکە باسبکات.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا