ئێران دەیەوێت رێگری لێبکات
ئەمریکا بە پلانێک کار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی دەکات
فەرهاد حەسەن
وردەکاریی پلانێکی ئەمریکا ئاشکرا دەبێت کە کار لەسەر بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی دهكات بە چەند قۆناغێک بە داماڵینی چەکە قورسەکان دەستپێدەکات، بە دوورخستنەوەی سەرکردەی گروپەکان کۆتایی دێت.
حهشدی شهعبی بەشێکە لە هێزە چەکدارەکانی عێراق بە فەرماندەیی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان کاردەکەن، له دوای فەتواکەی عەلی سیستانی، مهرجهعی باڵای شیعهكان له عێراق له ساڵی 2014 دروستكرا، دوای ئەوەی داعش دەستی بەسەر ناوچەیەکی فراوان لە چەند پارێزگایەکی باکوری بەغدادا گرتبوو.
رۆژنامەی شەرقولئەوسەت لە زاری بەرپرسانی عێراقییەوە بڵاویكردهوه، “ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا پلانێکی داناوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی لە عێراق بە چەند قۆناغێک، کە سەرەتا بە داماڵینی چەکە قورسەکان، دورخستنەوەی سەرکردەی گروپەکان و دەستنیشانکردنی ئەفسەرانی پیشەگەر بۆ سەرپەرشتیکردنی ژێرخانی حهشد دەستپێدەکات”.
ئاماژهی بهوهشكردووه، ئەو پلانە لەلایەن ئەو بەرپرسانەوە ئاشکرا کراون کە بەشدارییان لە گفتوگۆ تەکنیکی و سیاسییەکاندا کردووە سەبارەت بە داهاتوی حەشدی شەعبی، هاوکات بووە لەگەڵ سەردانەکەی هەفتەی رابردووی جەنەراڵی خانەنشینی ئەمریکی دەیڤید پترایۆس بۆ بەغدا، کە وەک شارەزایەکی سەربەخۆ کاری لەسەر نامەیەکی جێبەجێکاری دەکرد بۆ داماڵینی چەک لە عێراق.
بهگوێرهی راپۆرتهكه، پترایۆس بۆ ماوەی پێنج رۆژ لە بەغدا ماوەتەوە و لەو ماوەیەدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق کۆبوەتەوە، کە چارەنوسی چهكدارانی حەشدی شەعبی لە چەقی گفتوگۆ جدییەکاندا بووە.
باس لەوەشکراوە، ئێران هانی ئەو گروپە هاوپەیمانانەی خۆی داوە لە بەغدا بۆ راگرتنی ئەو پلانه ئەمریکییە، کە ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بە گەورەترین هێزی سەربازیی کە دەستەبەری بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکەدا دەکات.