"بەڵگە لە بەردەستە"

عێراق دەڵێ بەدواداچوونی کردووە و بوونی بنکە ئیسرائیلییەکە راستنیە

ئەحمەد مستەفا

وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئەو قسەوباسانە رەتدەکاتەوە کە ماوەیەکە سەبارەت بە بوونی بنکەی سەربازیی ئیسرائیل لە ناو خاکی عێراقدا بڵاوبووەتەوە، و دەڵێ، بەدواداجوونیان  کردووە.

بە قسەی خۆی، بۆیان دەرکەوتووە ئەو بانگەشانە سەرلەبەریان ناڕاستن.

ئەمڕۆ سێشەممە 19.5.2026، میقداد میری، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی وتی، رەتیدەکەینەوە هیچ بنکەیەکی سەربازیی هیچ وڵاتێکی دیکە لە عێراقدا هەبێت، ئەو دەنگۆیانەش بە توندی رەتدەکەینەوە کە باس لە بوونی بنکەی سەربازیی ئیسرائیل لە عێراق دەکەن.

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان ئەم بابەتەی پشتڕاستکردووەتەوە، وێنە و بەڵگەنامەش لەبەردەستدا هەن کە دەیسەلمێنن بیابانەکانی نەجەف و ئەنبار دوورن لە بوونی هەر بنکەیەکی سەربازیی لەو شێوەی.

رۆژی 10.5.2026، رۆژنامەی ووڵ ستریت جۆرناڵ بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بابەتەکە و بەشێک لە بەرپرسانی ئەمریکا بڵاویکردەوە، پێش سەرهەڵدانی جەنگی ئێران کە رۆژی 28.2.2026 دەستیپێکرد و 39 رۆژی خایاند، ئیسرائیل بنکەیەکی سەربازیی نهێنی لە ناو جەرگەی بیابانی عێراقدا دامەزراندووە بۆ پشتیوانیکردنی هەڵمەتە ئاسمانییەکانی دژی ئێران.