ھەرکەس تەرمی گەنجە کەلاریەکە بدۆزێتەوە عومرەیەک دەکرێته دیاری بۆی
964+
میلاد جەلال- گەرمیان
گەڕان بەدوای تەرمی گەنجە تەمەن 26 ساڵانەکەی کەلاردا بەردەوامە و خاوەنی نوسینگەیەکی حەج و عومرەش عومرەیەک دەکاتە دیاری بۆ ئەو کەسەی تەرمەکە دەدۆزێتەوە
حاجی عەلی باجەلان، خاوەنی نوسینگەی حەج و عومرەی گەرمیان بۆ 964 وتی، هەر کەسێک لە تیمی پۆلیس، ئاسایش، یان گەنجانی خۆبەخش بتوانێت تەرمی ئەو گەنجە خنکاوە بدۆزێتەوە، ئێمە وەک نووسینگەی باجەلان گەشتێکی عومرەی بێبەرامبەر (چوون و هاتنەوە لەسەر ئەرکی خۆمان) وەک دیاری پێشکەش دەکەین.
ئاماژەی بەوەش کردووە کە دۆزەرەوەی تەرمەکە لە هەر کات و ساتێکدا کە خۆی ئارەزوو بکات و بیەوێت، گەشتەکەی بۆ رێکدەخرێت، بەو هیوایەی ئەم خەڵاتە ببێتە هاندەرێک بۆ مەلەوانان و تیمەکان تا زووتر تەرمەکە بدۆزنەوە و تەسلیمی کەسوکاری بکەنەوە.
پێداچوونەوە: پەری ساڵح