پلەی گەرما 50 ی تێپەڕاندووە

لە عێراق داوای کەمکردنەوەی دەوامی فەرمانبەران دەکرێت

فەرهاد حەسەن

روانگەی عێراقی سەوز، داوای کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی دەوامی فەرمی فەرمانبەرانی کردووە، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما.

روانگەکە ئەمڕۆ یەک شەممە راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت “پلەکانی گەرما کە 50 پلەی سەدی تێدەپەڕێنن، کاریگەری نەرێنییان لەسەر هاوڵاتیان دروستکردووە، بەتایبەتی بەساڵاچووان، ژنان، منداڵان و تووشبووان بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان، سەرەڕای فەرمانبەرانی فەرمانگەکانی دەوڵەت و کەرتی تایبەت”.

داوای کردووە، دەوامی فەرمی تاوەكو کاتژمێر 1:00 ی دوای نیوەڕۆ بێت لە بری ئەوەی تاوەکو کاتژمێر 3:00ـی دوای نیوەڕۆ دەوام دەکەن.

بەپێی راگەیەندراوەکە، ئەم رێکارە بۆ کەمکردنەوەی دەوام، دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی فشار لەسەر سیستەمی کارەبای نیشتمانی و کەمکردنەوەی دەردانی کاربۆن، لەگەڵ سنوردارکردنی لێکەوتە تەندروستییەکانی شەپۆلی گەرما.

روانگەی عێراقی سەوز، جەختی لەسەر پێویستی پەیڕەوکردنی سیستەمی کاری نەرم و کارکردن لە دوورەوە Online کردەوە بۆ ئەو کارانەی کە پێویستیان بە ئامادەبونی مەیدانی نییە، هەروەها پابەندکردنی کەرتی تایبەت بە دابینکردنی ژینگەیەکی کاری سەلامەت و کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی کاری دەرەوە بۆ کرێکاران لە کاتی لوتکەی گەرمادا کە لە کاتژمێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆ تاوەكو 4:00ی ئێوارە دەخایەنێت.