زانکۆی سەڵاحەدین: هاوشانی هەنگوینە بەناوبانگەکەی "مانۆکا"یە

“هەنگوینی هەرێمی کوردستان خاوەن پێکهاتەی زۆر بەهێز و تایبەتمەندیی چارەسەریی بەرزە”

فەرهاد حەسەن

ماڵپەری زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر ئەنجامی پشکنینێکی تاقیگەیی بۆ هەنگوینی گەرێمی کوردستان ئاشکرا کروودە و دەڵێت ” خاوەن پێکهاتەی بایۆئەکتیڤی زۆر بەهێز و تایبەتمەندیی چارەسەریی بەرزە”.

زانکۆکە دەڵێت ئەنجامەکە بە پشتبەستن بە  بەڵگەی تاقیگەیی پێشکەوتوو، سەلمێندرا و ئەمەش دەستکەوتێکی زانستییە بۆ هەنگوینی کوردستان لەلایەن قوتابییەکی خوێندنی باڵا/ دکتۆرا لە بەشی زانست و تەکنەلۆجیای خۆراک – کۆلێژی زانستە ئەندازیارییە کشتوکاڵیەکانی زانکۆکە.

هەر بەپێی ئەو بەڵگە تاقیگەییەی بەدەستیان هێناوە، زانکۆی سەڵاحەدین باس لەوەدەکات، کە هەنگوینی هەرێمی کوردستان هاوشانی هەنگوینی بەناوبانگی “مانۆکا”ی جیهانییە، ئەمەش دەروازەیەکی نوێ و گرنگە بۆ ناساندنی بەرهەمی ناوخۆیی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.

ئاماژەی بەوەکردووە، ئەم توێژینەوە ئاستبەرزە لەلایەن قوتابی دکتۆرا “بێلان عوسمان قادر” و سەرپەرشتیاران (پ.ی.د. نەوال هورمز سبو) و (پ. ی.د. سافیە سابیر تەها) لە گۆڤاری جیهانی پێشەنگی (Journal of Food Composition and Analysis) بڵاوکراوەتەوە کە خاوەن ریزبەندی (Q1)ـە و سەر بە دەزگای بەناوبانگی (Elsevier)ـە.