لە مانگی ئازاری ئەمساڵ بووە

رۆژنامەی (جمھوریەت)ی توركیا باس لە کۆبونەوەی ئۆجەلان لەگەڵ مەزڵوم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد دەكات

فەرهاد حەسەن

رۆژنامەی جمھوریەتی توركیا (یەكێك لە كۆنترین رۆژنامەكانی ئەم وڵاتەیە)، بڵاویکردووەتەوە کە دەنگۆ هەیە کە مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندیەكانی رۆژئاوای كوردستان، لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا لە ئیمرالی، لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیكراوی پەکەکە کۆبووبوونەوە.

ئاماژەی بەوەكردووە، ئەو دەنگۆیە بووەتە هۆی دروستبونی مشتومڕی نوێ لە پشتپەردەی سیاسیی ئەنقەرەدا، لە ناو بازنەکانی دەسەڵاتدا، بە تایبەت نیگەرانی لە پێگەی هەسەدە هەستی پێدەکرێت؛ بەرپرسانی ئاکەپە دەڵێن “مەحاڵە بچینە قۆناغێکی نوێی پڕۆسەکەوە تا وێنەیەکی روون سەبارەت بە چەکدانانی رێکخراوەکە بە هەموو توخمەکانییەوە دەرنەکەوێت”.

لە پشت پەردەکاندا باس لەوە دەکرێت کە مەهەپە (MHP) و دەمپارتی خوازیاری خێراکردنی پڕۆسەکەن، بەڵام ئاکەپە بەهۆی کاردانەوەی دەنگدەرە ناسیۆنالیستەکانەوە، هەڵوێستێکی وریایانەتر و پارێزگارانەی گرتوەتەبەر.

بەگوێرەی رۆژنامە توركییەكە، مەزڵوم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد لە مانگی ئازاردا براونەتە ئیمرالی و لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان كۆبونەتەوە، باس لەوە دەکرێت کە ئۆجەلان بە توڕەییەوە بە سەرکردایەتی هەسەدەی وتووە “ئێوە لە من تێنەگەشتن”.

هەروەها بە ئیلهام ئەحمەدیشی وتووە، “من لێرە لەگەڵ دەوڵەت رێکەوتوم، ئەگەر من نەبومایە، تۆش وەک کچەکانی حەلەب یان دەستگیردەکرای یاخود خۆت لە باڵەخانەیەک فڕێدەدایە خوارەوە، من ئێوەم رزگار کرد”.

بە قسەی ئەم رۆژنامەیە، هەر لە کۆبونەوەکەدا باس لەوەکراوە کە دەبێت هەسەدە بچێتە ناو پڕۆسەی “تێکەڵبونەوە” لەگەڵ حکومەتی سوریا.