ترەمپ و ناتەنیاهۆ بە تەلەفۆن لە بارەی ئێرانەوە قسەیان کرد

ترەمپ: واباشە ئێران بۆ رێککەوتن پەلە بکات

ئەرسەلان عەبدوڵا

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە تەلەفۆن قسەیان کردووە و راشیگەیاند، واباشە ئێران پەلە بکات بۆ رێککەوتن.

ماڵپەڕی ئێکسیۆس ئەمڕۆ یەکشەممە 17.5.2026 بڵاویکردەوە، سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بنیامین ناتەنیاهۆ بە تەلەفۆن لە بارەی دۆسیەی ئێرانەوە قسەیان کردووە.

میدیای ئیسرائیلیش بڵاویکردەوە، ئەمشەو ناتەنیاهۆ لەگەڵ تیمی ئەمنی و سەربازیی وڵاتەکەی لە بارەی دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر ئێران کۆبوونەوەی هەیە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا دۆناڵد ترەمپ لە ترو سۆشیال نووسیویەتی، بۆ ئێران باشترە پەلە بکەن بۆ رێککەوتن، چونکە هیچ کاتیان بەدەستەوە نەماوە و هیچیان بۆ نامێنێتەوە.

هەواڵ و ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستپێبکەنەوە و تەنیا لەسەر بڕیاری دۆناڵد ترەمپ ماوە گڵۆپی سەوز دابگیرسێنێت.