گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ئەنبار
"تەنیا 16 تەرمی نەناسراو دۆزراونەتەوە"
پارێزگاری ئەنبار دۆزینەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵ کە پاشماوەی 1500 تەرمی تێدابێت رەتدەکاتەوە
فەرهاد حەسەن
لە پارێزگای ئەنبار دۆزینەوەی گۆڕێکی بە کۆمەڵ کە گوایە هەزار 500 رووفاتی تێدا بێت رەتدەکرێتەوە وتەبێژی پارێزگاش دەڵێت، ئەوان لە ماوەی دوو رۆژدا 16 تەرمیان لە چەند گۆڕێک دۆزیوەتەوە و بەردەوام،یشن لە گەڕان و پشکنین.
ئەمڕۆ یەکشەممە، پارێزگای ئەنبار روونکردنەوەیەکی لەسەر ئەو گۆڕە بەکۆمەڵە بڵاوکردەوە کە لە “دەشتی عەکاز” سەر بە شارەدێی سەقلاوییە دۆزراوەتەوە.
پارێزگاکە جەختی کردەوە ئەو دەنگۆیانەی باس لە دۆزینەوەی پاشماوەی 1500 تەرم دەکەن دوورن لە راستییەوە، روونیشی کردەوە کە تیمە تەکنیکییەکان بەپێی رێکارە یاسایی و فەرمییەکان بەردەوامن لە کارەکانی گەڕان و پشکنین.
موئەیەد دلیمی، وتەبێژی حکومەتی خۆجێی ئەنبار رایگەیاند، تیمە تەکنیکییەکانی سەر بە فەرمانگەی پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە دەزگای شەهیدان، لە رێکەوتی 6.5.2026 ەوە دەستیان بە کارەکانی گەڕان و هەڵکۆڵین کردووە، لە ئەنجامی پشکنینەکاندا، 10 شوێن لە ناوچەکەدا دەستنیشانکراون، کە تاوەکو ئێستا حەوت گۆڕی بەکۆمەڵیان تێدا ئاشکراکراوە لە گۆڕی یەکەمدا پاشماوەی 10 تەرم و لە گۆڕی دووەمدا پێنج تەرم و لە گۆڕی سێیەمدا پاشماوەی یەک تەرم دۆزراوەتەوە.
دەشڵێت “کارەکانی گەڕان لە چوار گۆڕەکەی دیکەشدا هێشتا بەردەوامە”.
کۆی گشتی ئەو تەرمانەی لە ماوەی نێوان 5.5.20206 تاوەکو 6.5.2026 دەرهێنراون، تەنیا 16 تەرم بووە و بە توندیش ئەو هەواڵانە رەتدەکاتەوە کە لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان و بەشێک لە میدیاکاندا بڵاوکراونەتەوە سەبارەت بە دۆزینەوەی گۆڕێک بە پاشماوەی هەزار و 500 تەرم.
ئاماژەی بەوەشدا کە پارێزگار خۆی بەشێوەیەکی کەسی چاودێری ئەنجامی پشکنینە تاقیگەییەکان بەتایبەتیش پشکنینی DNA دەکات بۆ ناسینەوەی ناسنامەی قوربانییەکان.