دوێنێ شەو چی روویدا؟

 تەقینەوە لە شارەکانی ئێران و پێکدادان لە گەرووی هورمز؛ جیهان شەوێکی ئاڵۆزی تێپەڕاند

ژێوار خدر

شەوی رابردوو ناوچەکە و جیهان چەندین گۆڕانکاری سەربازی و سیاسی گەورەیان بەخۆوە بینی کە تێیدا پێکدادانی توند لە نێوان هێزەکانی ئەمریکا و ئێران روویدا، لێرەدا پوختەی هەموو ئەو رووداوانە دەخەینە روو کە لە چەند کاتژمێری رابردوودا لە جیهان و ناوچەکە روویانداوە.

لە تاران سیستمی بەرگری چالاککرا و دەنگی تەقینەوە لە بەندەر عەباس، میناب و قشم بیسترا. سوپای ئەمریکا دەڵێت هێرشیان کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئێران، چونکە تاران بە مووشەک، درۆن و بەلەمی بچووک هێرشی کردووەتە سەر سێ کەشتی جەنگییان لە کاتی تێپەڕبوونیان لە گەرووی هورمز. بارەگای خاتەمول ئەنبیا دەڵێت ئەمریکا ئاگربەستی شکاندووە و کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئێرانی پێکاوە، بەڵام دۆناڵد ترەمپ دەڵێت کەشتییەکانیان سەلامەتن و ئەو هێرشانەی ئەمریکا تەنیا “زلـلەیەکی سووک” بوون و ئاگربەست هێشتا ماوە. وۆڵ ستریت جۆرناڵیش بڵاوی کردەوە کە سعودیە و کوەیت رێگەیان داوە سوپای ئەمریکا ئاسمان و بنکە سەربازییەکانیان بەکاربهێنێت، هاوکات پاکستان داوای لە سەنگافورە کردووە ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی 20 دەریاوانی ئێرانی بکات.

لە لایەکی دیکەوە ترەمپ رایگەیاند، رەنگە هەر رۆژێک بێت رێککەوتن لەگەڵ ئێران بکرێت و باشترە تاران خێرا واژۆی بکات، ئەم ئاڵۆزییانەش نرخی نەوتی ئەمریکای بە رێژەی 3.03% بەرزکردەوە و نرخی بەرمیلێک گەیشتە 97 دۆلار و 68 سەنت. سەبارەت بە جەنگی روسیا و ئۆکرایناش، زێلێنسکی رایگەیاند کە روسیا زیاتر لە 850 هێرشی درۆنی ئەنجامداوە، سوپای روسیایۆش دەڵێت لە سەرەتای دەستپێکردنی ئاگربەستە تاکلایەنەکەیانەوە 264 درۆنی ئۆکراینییان گرتووە.