تەڵعەت تاهیر
"داوام کرد هۆڵ بە ناوی زیندووان نەکرێت و زیندوو خەتەرن"
لە سلێمانی هۆڵێک بە ناوی “تەڵعەت تاهیر”ـەوە دەکرێت
ئەرسەلان عەبدوڵا
پەیمانگەی تەکنیکی و پیشەیی نیشتمان لە سلێمانی، ناوی هۆڵێکیان بە ناوی شاعیر و نووسەری ناودار تەڵعەت تاهیرەوە دەکەن، شاعیرەش دەڵێت داوای کردووە هۆڵ بە ناوی ئەو و ناوی زیندووانەوە نەکەن.
تەڵعەت تاهیر ئەمڕۆ یەکشەممە 17.5.2026 بە 964ی راگەیاند، “دیارە پەیمانگەی تەکنیکی و پیشەیی نیشتمان وەک رێز و تەقدیر لە کار و ماندووبوونی ئێمە، بڕیاریانداوە هۆڵی پەیمانگەکە بە ناوی ئەوەوە بکەن، منیش سوپاسم کردوون”.
وتیشی، “داوام لە بەڕێوەبەرایەتیی پەیمانگەکە کرد هۆڵەکە بە ناوی من و کەسانی زیندوو نەکەن، چونکە پێموایە زیندوو خەتەرن و نازانیت سبەی چۆن دەبێت، بەڵام ئەوان سووربوون لەسەر بڕیارەکەیان و منیش قبوڵم کرد و سوپاسم کردن، دیارە ئەوە لە گەورەیی خۆیانە”.
تەڵعەت تاهیر کە دیارترین شاعیر و نووسەری ئەو ساڵانەی دوایی کوردە لە باشووری کوردستان، ئەوەشی وت، کە رۆژی پێنجشەممە 21.5.2026 کاتژمێر 10:30ی بەیانی رێوڕەسمی کردنەوەی هۆڵەکە بەڕێوەدەچێت و لە هەمان کاتیشدا کۆڕێکی شیعرخوێندنەوەش هەرلەوێ ئەنجام دەدات.
تەڵعەت تاهیر، کە لەدایکبوونی 1973ی قەزای مەخموری سەر بە هەولێرە، خاوەنی کۆمەڵێک کتێبی چاپکراوی ئەدەبی و شیعرییە و دەیان کۆڕی شیعریشی لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان ئەنجامداوە و هەوادارێکی زۆری هەیە، تێکستەکانی بەشێکی کراون بە گۆرانییش، ئەمە جگە لەوەی بەرهە شیعرییەکانی لەم ساڵانەی دواییدا لە چوارچێوەیەکی جەماوەریی فراواندا جێگەی خۆی کردووەتەوە.