بە رۆژ دەوڵەت و بە شەو میلیشیا
کامیان بڕیاری کۆتایی دەدەن: قات لەبەرەکان یا چەک لە شانەکان؟
هەرێم سەعید
لە ژوورێکدا، ئاڵا، مێز، وەرگێڕ و زمانی دیپلۆماسی هەیە، بەرپرسان باس لە کەمکردنەوەی گرژییەکان و ئاسایشی سنوور دەکەن، بۆ ساتێک وا دەردەکەوێت کە دەوڵەت دەسەڵاتی هەیە. لوبنان و ئیسرائیل گفتوگۆ دەکەن و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ناوبژیوانی دەکات، جیهان خشتەیەک دەبینێت.
پاشان دیمەنەکە دەگۆڕێت.
دوور لە ژووری کۆبوونەوە، باشوور هێشتا بە کاتژمێرێکی جیاواز دەژی، گوندەکان چۆڵ دەبن و پڕدەکرێنەوە بە پڕوپاگەندە، خێزانەکان چاوەڕێی ئەوە دەکەن بزانن کە ئایا رێگاکان کراوەیە، مانگرتن کۆتایی هاتووە، ئایا ئەم بێدەنگییە راستە یان تەنیا وەستانێکە بۆ پشوودانی کارمەندانی تۆپخانەکان، ئاگربەست لەوانەیە بە زمانی حکومەت هەبێت، بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع، خەڵک ئاشتی بە شێوەیەکی جیاواز دەپێوێت. ئەوان بەوە دەیپێون کە ئایا دەتوانن بخەون، بگەڕێنەوە ماڵەوە، دووکانێک بکەنەوە، منداڵێک بنێرن بۆ دەرەوە بەبێ هەژمارکردنی دووری لە تەقینەوەی داهاتوو.
لێرەدا عێراق وەک نموونەیەکی خراپ کە لەوانەیە لە داهاتوودا چی رووبدات دێتە ناو ئەم چیرۆکەوە.
بەهەمان شێوە عێراق پێکهاتەی دەوڵەتی هەیە، باڵیۆزخانە، وەزارەت، وتەبێژی سەربازی، پیاوانی قاتپۆش بەیاننامە دەربارەی سەروەری و هاوبەشی دەردەکەن. هەروەها حکومەتێک هەیە کە دەتوانێت بڵێت سەقامگیری لەگەڵ واشنتن دەوێت و وەبەرهێنانی دەوێت و دەیەوێت نەبێتە مەیدانی جەنگی هەموو ئەمانە هەیە. بەڵام حکومەتی عێراق دەتوانێت بەڵێنی ئارامی بدات لە رۆژدا، شەوانیش میلیشیایەک یان بە مووشەکێک یان بە فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان دەتوانن پەیامی ئەو ڕۆژە بنووسنەوە.
لە هەردوو شوێنەکەدا، دەوڵەت هێشتا قسە دەکات. بەڵام هەمیشە دوایین قسە نییە، لێرەدا ئەم چیرۆکانە لێک جیا دەبنەوە—یان دەبنە هەمان چیرۆک.
چونکە ئەگەر لوبنان نەتوانێت ئەو دەسەڵاتە بە تەواوی بگەڕێنێتەوە بۆ دەستی دەوڵەت، ئەوا دەبێتە هاوشێوەی دیپلۆماسی عێراق کە ئاڵاکان هەر ماونەتەوە، تەوقەکردنەکان روودەدەن، بەیاننامەکان بڵاو دەکرێنەوە، دانوستان لە ژوورەکانی هۆتێل ئەنجامدەدرێت و وتاری ئاشتی دەخوێندرێت.بەڵام لە شوێنێکی دوور لە مێزەکەوە، کەسێکی تر دەسەڵاتی هەیە ئەوانەش چەک لەشانن نەک قات پۆشی تەوقەکەری بەیاننامەچی و مردووی کۆبوونەوە.
تۆم باراک لە کۆڕبەندی دیپلۆماسی ئانتالیا لە شاری ئەنتالیای تورکیا لە 11 ی نیسانی 2026 گوتی (ئەم ناوچەیە تەنها رێز لە یەک شت دەگرێت …هێز) ئەگەر هێز لای چەک لەشانەکانە، ئەوا دیپلۆماسی دەبێت بە شانۆی نمایشی قات.