پارەی عێراقی جۆری 25 هەزار دیناری _ وێنە: 964
حکومەت درەنگ پێکهات
ئەمساڵ نا؛ بۆ ساڵی 2027 بودجە ئامادە دەکرێ
ئەحمەد مستەفا
تازە بە تەما مەبن، عێراق ئەمساڵ یاسای بودجەی هەبێت، ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ، حکومەتی نوێی عێراق ناتوانێت ئەمساڵ یاسای بودجەی ساڵی 2026 ئامادە بکات.
بەڵکو ئامادەکاری بۆ بودجەی ساڵی 2027 دەستیپێکردووە.
دیلان غەفور، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە 17.5.2026 لە بەغدا بە نوێنەری کەناڵەکانی راگەیاندنی وت، ئامادەنەکردنی یاسای بودجە بۆ ئەمساڵ هۆکارەکەی بۆ درەنگ پێکهێنانی حکومەت دەگەڕێتەوە.
حکومەت لە 16.5.2026 وە دەستبەکار بووە و لەو ماوە کورتەدا ناتوانێت پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2026 ئامادە بکات، ئەو وتی، لە ئێستاوە دەستکراوە بە ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027، و دابینکردنی موچەش لەسەر بنەمای یەک لەسەر 12 دەبێت.
لە کاتی نەبوونی یاسایەکی پەسەندکراوی نوێ بۆ بودجە، خەرجییەکان (بەتایبەت موچە) بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی بەردەوام دەبن و مانگانە خەمڵاندنیان بۆ دەکرێت.
پشکی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە گفتوگۆ بۆ جێگیرکردنی پشکە داراییەکەی کە داوای رێژەی (14%) لە کۆی گشتی بودجە دەکات.
قەبارەی گشتیی پێشبینیکراو بە رێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە بەراورد بە ساڵانی رابردوو، لە کاتێکدا کۆی بەهای گشتی بەرهەمی ناوخۆیی عێراق بەپێی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بە نزیکەیی خەمڵێنراوە بە 264.78 ملیار دۆلار.