فڕۆكەخانەی بەغدا
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا:
پێنجشەممە فڕۆکەکانی تورکیا گەشتەکانیان بۆ عێراق دەستپێدەکەنەوە
ئەرسەلان عەبدوڵا
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا بڵاویکردەوە، رۆژی پێنجشەممە 14ی ئایار، گەشتی فڕۆکەکانی هێڵی تورکیش ئێرلاینس بۆ عێراق دەستپێدەکاتەوە، کە نزیکەی دوو مانگە گەشتەکانیان بۆ عێراق راگرتووە.
فڕۆکەخانەکە ئەمڕۆ دووشەممە 11.5.2026 لە راگەیاندراوێکدا لەسەر زاری بەڕێوەبەرەکەی حارس ئەلعوبەیدی ئەوەی خستەڕوو، بڕیارە رۆژی 14ی ئەم مانگە گەشتەکانی هێڵی فڕۆکەوانیی تورکیا بۆ عێراق دەستپێبکاتەوە، کە لە شوباتی رابردووەوە گەشتەکانی بۆ عێراق راگرتبوو.
وتیشی، فڕۆکەخانەی بەغدا 90%ی توانای کارکردنی خۆی بەدەستهێناوەتەوە، دوای ئەوەی هێڵی ئاسمانیی قەتەڕییەش دوێنێ گەشتەکانی بۆ بەغدا دەستپێکردەوە.
بەهۆی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێران، ئاسمانی عێراق بۆ ماوەیەکی زۆر داخرابوو، گەشتەکان وەستابوون، بەڵام لە دوای راگەیاندنی ئاگربەستەوە لە 8ی نیسانی رابردووەوە، هەندێک لە کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکان گەشتەکانیان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دەستپێکردووەتەوە.