لە دۆسیەی (عەدنان جومەیلی)
دادگای لێکۆڵینەوەی نەینەوا: به بههای 69 ملیار دینار دهست بهسهر موڵكدا گیراوە
فەرهاد حەسەن
دادگای لێکۆڵینەوەی نەینەوا، تایبەت بە دۆسیەکانی دەستپاکی رایگهیاند، چەند بڕیارێکی دادوەری دەرچوون بە مەبەستی دەستبەسەرداگرتنی ژمارەیەک موڵک و کارگەیەک بە بەهای 69 ملیار دینار لە دۆسیەی عەدنان جومەیلی بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن.
دادگاکە، لە بەیاننامەیەکدا کە ئەمڕۆ دوشەممە بلاویکردووەتەوە باسی لهوهكردوه، چەند بڕیارێکی دادوەری دەرچون بۆ دەستبەسەرداگرتنی نۆ موڵكی بازرگانی و سێ کارگەی بەرهەمهێنانی ئارد لە شاری موسڵ، کە کۆی بەهایان نزیکەی 69 ملیار دیناری عێراقییە، لەگەڵ حەوت بارهەڵگری مۆدێل بەرز کە بەهای هەر دانەیەکیان 200 هەزار دۆلارە.
ئاماژهی بهوهشكردوه، ئهو دهستبهسهرداگرتنه لە چوارچێوەی دۆسیەی بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن، تۆمەتباری دەستبەسەرکراو (عەدنان جومەیلی) و ئەو لایەنانەی کە لەگەڵیدا تێوەگلاون لە تاوانەکانی سپیکردنەوەی پارە و گەندەڵی داراییدا.
ئەوەش خراوەتەڕوو، “بەهای بازاڕیی خانوبەرە بازرگانییەکان کە دەکەونە چەقی شارەکەوە نزیکەی 45 ملیار دینارە، لە کاتێکدا بەهای کارگەکانی ئارد بە 24 ملیار دینار دەخەمڵێندرێت”.
هەر بە پێی راگهیهندراوهكه، تۆمەتبارە هەڵاتووەکان ئەو موڵكانهیان بە ناوی کرێکارەکانی خۆیانەوە تۆمارکردووە بە مەبەستی چەواشەکاری و شاردنەوەی سەرچاوە نایاساییەکەی.
ئەوەش باسکراوە، کە لەبەر ئەوەی ئەو موڵك و کارگانە بەرهەمهێنەرن و قازانجی بەردەوامیان هەیە، بڕیاردراوە بە دامەزراندنی پاسەوانی دادوەری بەسەریانەوە بۆ گرتنەئەستۆی ئەرکی بەڕێوەبردن و پاراستنیان، بەجۆرێک کە بەردەوامی کارەکانیان مسۆگەر بکات و وەرگرتنی تەواوی داهاتە داراییەکانیان دەستەبەر بێت.
بهیانی ئهمڕۆ دووشهممەش، ئهنجومهنی باڵای دادوهری عێراق له راگهیهندراوێكدا بڵاویكردهوه، کە دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی ناوەندی روونکردنەوەی داوە کە بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و بە سەرپەرشتی سەرۆکی فایەق زێدان، ئەنجومەنی باڵای دادوەری 358 کیلۆگرام زێڕ وەرگیراوەتەوە.
ئاماژهی بهوهشكردووه، لە دۆسیەیەکی دیكهی لێکۆڵینەوەدا 17 کیلۆگرام دەستی بەسەردا گیراوە، بەوەش کۆی گشتی ئەو زێڕەی کە لەمڕۆدا دەستی بەسەردا گیراوە دەگاتە 375 کیلۆگرام زێڕ.
دۆسیەی عەدنان جومەیلی دۆسیەیەکی گەورەی گەندەڵی و بە تاڵانبردنی سامانی گشتییە لە عێراق، جومەیلی بریکاری پێشوی وەزارەتی نەوتی عێراق بوو، بەپێی زانیارییەکانی دەستەی دەستپاکی، بڕی زیاتر لە 127 ملیار دینار و ملیۆنان دۆلار و زێڕ لە کەسانی نزیک لێی دەستبەسەردا گیراوە.