بەلەمەکەیان سووتا

بەهۆى سووتانى کێڵگەیەکى پەلەوەرییەوە تیمى خۆبەخشى بۆگد پەکى کەوت

964+

عەزیز عەبدوڵا- گۆپتەپە

نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەهۆی شۆرتی کارەباوە، کێڵگەیەکی پەلەوەر لە گوندى بۆگد بەتەواوی سووتا. هەرچەندە رووداوەکە زیانی گیانی لێنەکەوتەوە، بەڵام سەرەڕای سووتانى کێڵگەکە، تەواوی کەلوپەلەکانی تیمی غەواسی خۆبەخشی گوندی بۆگدیش تێداچوون.

شوان سالار، خاوەنی کێڵگەکە بە 964ـى وت،”هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە شۆرتی کارەبا بووە، سوپاس بۆ خوا هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و لەو کاتەشدا هیچ پەلەوەرێک لەناو دەواجینەکەدا نەبووە.”

ئاماژەی بەوەشکرد کە زەرەرەکە تەنیا ماددییە و تەواوی ناوەوەی بیناکە سووتاوە.

زیانە لاوەکییەکەی ئەم رووداوە، لەدەستدانی کەلوپەلەکانی تیمی غەواسی خۆبەخشی گوندی بۆگد بوو، کە بەهۆی نەبوونی شوێنی تایبەتەوە، بۆ پاراستنیان لەناو ئەو کێڵگەیەدا هەڵگیرابوون.

دەوەن لەشکر، یەکێک لە ئەندامانی تیمی غەواسی بۆگد بە 964ـى وت، “ماوەی 2 ساڵە ئەم تیمەمان دروستکردووە بۆ بەهاناوەچوونی گەشتیاران و هاوڵاتیان لەکاتی سەردانیکردنی زێی بچووک. لەو ماوەیەدا توانیومانە تەرمێک بدۆزینەوە و چەندین هاوڵاتیش لە خنکان رزگار بکەین، هەروەها بەردەوام چاودێری رووبارەکە دەکەین بۆ هەر حاڵەتێکی لەناکاو.”

دەوەن ئاماژەی بەوەشکرد، لەبەرئەوەی هیچ بنکە و شوێنێکی تایبەتیان نەبووە، ئامێرەکانیان لەو کێڵگەیەدا داناوە، بەڵام بەهۆی ئاگرەکەوە تەواوی کەلوپەلەکانیان کە پێکهاتبوون لە بەلەم، ماتۆڕ و جلی تایبەتی مەلەوانی (غەواس) سووتان و لەناوچوون.

سەبارەت بە قەبارەی زیانە ماددییەکانی ئەم رووداوە، مەزەندە دەکرێت زەرەری کێڵگەکە نزیکەی 6,000 دۆلار بێت، هەروەها زیانی کەلوپەلی تیمە خۆبەخشەکەش بە 2,000 دۆلار دەخەمڵێندرێت.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح