"چاوەڕێی زیاترم دەکرد"
یەکەمی هەڵەبجە سێیەمی کوردستانە لە بەشی زانستی
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە
یەکەمی هەڵەبجە، سێیەمە لەسەر ئاستی هەموو کوردستان لە بەشی زانستی، کە دەرەجەکەی 696ـە و خۆی دەڵێت، “چاوڕێی زیاترم دەکرد”.
محەمەد یوسف یەکێکە لە قوتابییە زیرەکەکانی پارێزگای هەڵەبجە، لە تاقیکردنەوەکانی قۆناغی 12ـی ئامادەیی ئەمساڵ بە کۆنمرەی 99.4 دەرچووە، ئەو قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “لە وانەکانی عەرەبی و بیرکاری هەرکامێکیان پرسیارێکم هەڵە بوو و ئەو دەرەجەیەم هێناوە”.
محەمەد لە رۆژانی تاقیکردنەوەکان 9 بۆ 10 کاتژمێر سەعی کردووە و ئێستاش کە قۆناغە سەختەکەی بڕیوە، وەک زۆربەی یەکەمەکان حەزی لە پزیشکی گشتییە و دەیهەوێ ببێت بە دکتۆر و خزمەتی هەڵەبجە و کوردستان بکات.
کوردستان یوسف وەک دایکی محەمەد دەڵێت، کوڕەکەی مامۆستای تایبەتی نەبووە، تەنیا بە هەوڵی مامۆستاکانی خۆی ئەو سەرکەوتنەی بەدەستهێناوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری