توانا نەقی نێردراوی 964 لە ئەمریکا بۆتان باس دەکات

عێراقی دوای سەردانەکەی زەیدی بۆ ئەمریکا جیاواز دەبێت

توانا نەقی

عێراقی پێش سەردانەکەی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، تەواو جیاواز دەبێت لە عێراقی دوای ئەو سەردانەکەی.

عەلی زەیدی بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوودا و بە دیاریکراوی پاش کۆتاییهاتنی یارییەکانی مۆندیال، لەسەر بانگهێشتنامەیەکی فەرمی لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە، بچێتە ئەمریکا.

توانا نەقی نێردراوی 964 لە ئەمریکا بە وردی باسی دەکات و دەڵێت، ماوەی چەند رۆژێکە میدیاکان و ناوەندەکانی توێژینەوە لە ئەمریکا، فۆکەسی تەواویان خستووەتە سەر ئەم سەردانە و ئەو دۆسیە سەرەکییانەی کە بڕیارە لە نێوان عەلی زەیدی و ئیدارەی نوێی ئەمریکادا گفتوگۆیان لەسەر بکرێت.

عەلی زەیدی لەم سەردانەیدا شاندێک لە سەرمایەداران و بازرگانانی عێراقی لەگەڵ خۆیدا دەبات، ئامانج لێی وەک بەشێک لە بەرنامەی کارەکەی، هاندانی وەبەرهێنەرانی ئەمریکییە بۆ کارکردن لە بەغدا و پارێزگاکانی تری عێراق، بەتایبەت لە سێکتەرەکانی کارەبا، ژێرخانی ئابووری و کەرتی خزمەتگوزاری، ئەم هەنگاوەش هاوتایە لەگەڵ دیدگای دۆناڵد ترەمپ کە هەمیشە گرنگی بە لایەنی بزنس و وەبەرهێنان دەدات.

بەپێی زانیارییەکان، ئەمریکا کۆمەڵێک مەرجی سەرەکی بۆ سەرکەوتنی ئەم پاکێجە دیپلۆماسییە داناوە، کە گرنگترینیان بریتین لە:

چاکسازی لە کەرتی بانکی: پێویستە حکومەتی عێراق رێکاری توند بگرێتەبەر بۆ رێگریکردن لە قاچاغچێتی و بردنی دۆلار بۆ دەرەوەی وڵات، بەتایبەتی بۆ ئێران.

واشنتۆن جەختی کردووەتەوە کە پێویستە پێوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا لە دەرەوەی هەژموونی گرووپە چەکدارەکان بێت، دەبێت ئەو هێزانە چەک بکرێن یان بخرێنە ژێر دەسەڵاتی راستەوخۆی حکومەتی فیدراڵییەوە.

یەکێکی تر لە مەرجەکان ئەوەیە ئەو ناوچەیەی کە ئێستا لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی حەشدی شەعبیدایە، بگەڕێنرێتەوە ژێر دەسەڵاتی فەرمیی حکومەتی عێراق، تاوەکو زەمینە خۆش بێت بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی ئەو ناوچەیە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.