پاسداران پشتڕاسی کردەوە

سێ ئەفسەری سوپای پاسداران لە هێرشێکی موشەکیی ئەمریکادا لە زنجان کوژراون

فەرهاد حەسەن

سوپای پاسداران، کوژرانی سێ پلەداری خۆی لە هێرشێکی موشەکیی سوپای ئەمریکادا لە شاری زەنجانی باکووری ئەم وڵاتە راگەیاند. سوپا هێرشەکەی بە “تاوانێکی دڕندانە” وەسفکرد و جەختی لەوەکردەوە کە ئەم ئەندامانەیان لە کاتی ئەرکی پاراستنی سنور و خاکی وڵاتەکەیاندا کراونەتە ئامانج.

پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای ئەنسارولمەهدیی پارێزگای زەنجانی سەر بە سوپای پاسداران لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، سێ ئەندامی سوپای پاسداران لە ئەنجامی “هێرشێکی موشەکیی ئەمریکا” ئەمڕۆ پێنجشەممە کوژراون.

بەپێی بەیاننامەکە، ئەو سێ ئەندامەی سوپا کە لە کاتی بەرگریکردن لە خاک و خەڵکی ئێراندا گیانیان لەدەستداوە، بریتین لە “مەحمود مەلاجەباری، محەمەدڕەزا چراغی و جەمال ئەمیری”.

بەپێی راگەیەندراوەكە، سوپای پارێزگای زەنجان وێڕای سەرکۆنەکردنی ئەم هێرشە کە بە “تاوانێکی دڕندانە” ناوی بردوە، پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی “ئیمام سەید موجتەبا خامنەیی”، گەلی ئێران و بنەماڵەی قوربانییەکان کردوە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای ئەمریكا هێرشێكی دوو كاتژمێری كردە سەر ئێران و دەڵێت، “دەیان شوێنی سەر بە سوپای پاسدارانیان لە ناوخۆی ئێران کردوەتە ئامانج”.