ئەمڕۆ رۆژە جیهانییەکەیانە

بانکی خوێنی هەولێر دەڵێت؛ نایەڵین نەخۆشانی تەلاسیمیا بێ خوێن بن

فەرهاد حەسەن

بەبۆنەی رۆژی جیهانی تالاسیمیا، کە ئەمڕۆ 8.5.2026 رۆژە جیهانییەکەیانە، بانکی خوێنی هەولێر دەڵێت، نایەڵن ئەم نەخۆشانە بێ خوێن بن و ماوەی پێنج ساڵیشە بەردەوام بۆمان دابینکردوون.

بانکەکە بڵاویکردووەتەوە، لەماوەی پێنج ساڵی رابردوودا، سەرجەم یەکەکانی خوێن کە بۆ نەخۆشانی تالاسیمیا لە هەولێری پایتەخت دابین کراون، بەشێوەیەکی رۆتینی فلتەری لیکۆسایدیان بوون و لەگەڵ ستانداردەکانی پشکنینی فینۆتایپی Rh هاوتا کراون.

دەشلێت “شانازی دەکەین کە لەم ماوەیەدا کەمیی کیسی خوێنی فلتەرکراو یاخود کارتی جێڵی فینۆتایپی Rh نەبووە، سەرەڕای زۆرێک لە تەحەددیاتی دابینکردنی جیهانی و ناوچەیی”.

پەیامێکی دڵنیاکەرەوەش بۆ هەموو نەخۆشانی تالاسیمیا و خێزانەکانیان دەنێرێت، کە بەهیچ شێوەیەک خەمی بەردەستبوونی خوێنیان نەبێت، چونکە بە تەواوی پابەندی خۆیان دەمێنێتەوە بە پاراستنی خوێنێکی جێگیر و سەلامەت بۆ پێداویستی چارەسەری بەردەوامیان.

هانی نەخۆشان و کەسوکاریان دەدات، کە سەرنجیان لەسەر ئاستەنگە پزیشکییەکانی تر و پێداویستییەکانی چاودێری پشتیوانی بێت، کە کاریگەرییان لەسەر نەخۆشانی تالاسیمیا هەیە، چونکە دەڵێت “ئێمە وەک لە رابردوودا چۆن بووین لە داهاتووشدا بەردەوام و مکوڕتر دەبین لە بەرپرسیارێتیەی هەمانە لە دەستەبەرکردنی گواستنەوەی خوێنی تەندروست بە بەرزترین ستانداردەکانی کە دەتوانرێت”.