بۆ ئەوەی کرێ لەسەر هاوڵاتیان گران نەکەن
هەوڵ هەیە سێ بەنزینخانە بۆ پاس و تاکسییەکان لە سلێمانی جیابکرێتەوە
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
بۆ ئەوەی کرێی نەفەر لە سلێمانی گران نەبێ، سەندیکای شۆفێران هەوڵ و تەقەلایەتی سێ بەنزینخانە بۆ تاکسی و پاسەکان جیابکاتەوە.
ئازاد ئەحمەد سەرۆکی سەندیکای شۆفێران / لقی سلێمانی بە 964ـی وت، “دوای سەرهەڵدانی ئەزمەی بەنزین و ئەم قەیرانەی هاتووەتە ئاراوە، بەرپرسی هێڵەکانی گواستنەوەی دەرەوە و ناوەوەی شار هاتنە لامان بۆ ئەوەی رێگەچارەیەکیان بۆ بدۆزینەوە، ئێمەش نووسراوێکمان ئاڕاستەی قایمقام کرد، لەوێوە بەرزکراوەتەوە بۆ پارێزگاری سلێمانی و لەوێشەوە ئاڕاستەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کراوە”.
“چاوەڕێی بڕیاری سامانە سروشتییەکان دەکەین بۆ ئەوەی سێ بەنزینخانە بۆ پاس و تاکسییەکان تەرخان بکرێت و بەنزینی 750 دیناری و بە کوالێتی باشیان پێ بدرێت”، ئازاد ئەحمەد وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، دیارە هەندێک تاکسی کرێی گواستنەوەیان گران کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هێڵە فەرمییەکان وەک پاسەکان کرێیان گران نەکردووە.
ئازاد ئەحمەد نەشیشاردەوە کە ئەگەر بەنزین بۆ پاس و تاکسییەکان دابین نەکرێ، بەناچاری کرێی هاتوچۆ لەسەر هاوڵاتیان گران دەبێت.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری