چوار کارمەندى تریش بریندارن

لەکاتى هەڵمەتى لادانى زێدەڕۆیى؛ عەمیدێکى پۆلیس و کارمەندێک کوژران

964+

وریا فەتاح

لەکاتى هەڵمەتێکى زێدەڕۆیى لە باشوورى بەغدا، عەمیدێکى پۆلیس و کارمەندێک کوژران و چوار کارمەندى تریش بریندارن.

بەپێی راگەیەندراوێکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی، هێزێکی ئەمنی و تیمە خزمەتگوزارییەکان لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکێکی فەرمیدا بۆ لابردنی خانووە زێدەڕۆکان لە ناوچەی دۆرە (دۆرە – کەرارە – گەڕەکی دیجلە) رووبەڕووی تەقەکردن بوونەتەوە.

بەپێى راگەیەندراوەکە، کاتێک هێزەکە گەیشتوونەتە شوێنەکە، رووبەڕووی تەقەی راستەوخۆ بوونەتەوە و بەهۆیەوە، ئەفسەرێک بە پلەى عەمید کە بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی ئەمیندارییەتی بەغدا بووە لە دیوی کەرخ بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە، هەروەها کارمەندێکی دیکەش کوژراوە.

ئەوەش باسکراوە کە چوار کەسی دیکە بریندار بوون کە پێکهاتوون لە کارمەندێکی پۆلیسی فیدراڵی، دوو کارمەندی پۆلیسی ئەمیندارییەتی و فەرمانبەرێکی ئەمیندارییەتی بەغدا.

دواى رووداوەکە، بە فەرمانی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا و بە ئامادەبوونی مەیدانی چەندین سەرکردەی ئەمنی، هێزە ئەمنییەکان گەمارۆیەکی توندیان خستووەتە سەر ناوچەکە و سەرجەم دەروازەکانیان داخستووە. لە ئەنجامی هەڵمەتێکی گەڕان و پشکنیندا گومانلێکراوێک دەستگیرکراوە و تا ئێستاش پرۆسەی گەڕان و بەدواداچوون بۆ دەستگیرکردنی تاوانباران بەردەوامە.