سەردانی شەش گوندیان کردووە

لە هەڵەبجە چەند پۆندێکی گلدانەوەی ئاو دروستدەکرێن

فەرهاد حەسەن

لە هەڵەبجە کار لەسەر دروستکردنی چەند پۆندێک بۆ گلدانەوەی ئاو دەکرێت و بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەیەکی تایبەت سەردانی چەند گوندێکی کردووە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ تیمێکی هونەری هاوبەشی بەرێوەبەرایەتییەکەیان و بەرێوەبەرایەتی ئاودێری و هۆبەی ئاودێری هەڵەبجە بەمەبەستی لێکۆڵینەوەی مەیدانی بۆ شوێنی پێشنیارکراو بۆ دروستکردنی پۆند سەردانی شەش گوندی سنووری پارێزگای هەڵەبجەیان کردووە.

گوندەکان بریتی بوون لە ، گوڵانی خواروو گوندی هەسەناوا،  سەراو لە ناوچەی نەورۆڵی، گوندی تریفە،  گوندی خارگێڵان لە قەزای خورماڵ،  گوندی بنجۆی دڕە و گوندی سەرگەت.

هەڵسەنگاندنی گونجاویان بۆ شوێنی دروستکردنی پۆندەکان کردووە و زانیاری سەرەتایییشیان بۆ لێکۆڵینەوەی تەکنیکی کۆکردووەتەوە.

دەشڵێت، ئەم سەردانە هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ دەستپێکردنی پرۆژەی دروستکردنی پۆند لە پارێزگای هەڵەبجە، کە دەتوانێت رۆڵێکی کاریگەر ببینێت لە بەهێزکردنی بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو و کەمکردنەوەی کاریگەری گۆرانی کەشوهەوا لە ناوچەکە.