راگەیەندراوی هاوبەشی پارتی و یەکێتی:

“پێشێلکردنی ماف و دەستکەوتەکانی هەرێم هێڵی سوورە”

ئەحمەد مستەفا

لە کاتێکدا پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق بوونەتە مایەی نیگەرانی لە هەرێمی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە راگەیەندراوێکی هاوبەش هەڵوێستیان دەربڕی و جەختیان لە پاراستنی مافە دەستورییەکانی هەرێم کردەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا، هەردوو حیزبەکە پێشهات و رێوشوێنەکانی چەند رۆژی رابردووی عێراقیان بۆ هاوڵاتیانی کوردستان چاوەڕواننەکراو و جێگەی سەرسوڕمان وەسف کردووە.

پارتی و یەکێتی ئاماژەیان بەوە داوە کە هەرێمی کوردستان زیاتر لە مافەکانی دیاریکراو لە دەستووری عێراق داوای نەکردووە، بەڵام لە ماوەی ساڵانی رابردوودا ئەو مافانەی پێشێل کراون.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، جەخت لەوە کراوەتەوە کە دەستور دەبێت یەکلاکەرەوەی هەموو ناکۆکییەکان لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بێت و هەرێم پێشێلکردنی ماف و دەستکەوتەکانی بە هێڵی سوور دەزانێت.

هەروەها هەردوو حیزبەکە دیالۆگ و شەفافیەت و لێکتێگەیشتنیان بە ڕێگای چارەسەر داناوە و رایانگەیاندووە بڕیاری تاکلایەنە ناتوانێت خزمەتی ئەمنیەت و سەقامگیری عێراق بکات.