شەوی رابردوو چی روویدا؟

بە درۆن هێرشی کۆیە کرا و سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە تاران خرایەکار

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

ئەگەر بەهۆی کەشی خۆشی بەهارەوە شەوی رابردوو لە دەرەوە بووی، یان میوانت هەبووە و کاتی هەواڵەکان نەبووە، فەرموو ئەمە گرنگترین رووداوەکانی شەوی رابردووە و لە 964ـەوە بیزانە.

حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران رایگەیاند، شەوی رابردوو بە پێنج درۆن هێرشکراوەتەسەر کەمپی ئازادی لە کۆیە و یەکێک لە درۆنەکانیش لە ئاسمانەوە تێکشکێنراوە و ئەوانی دیکەش لە دەرەوەی کەمپەکە کەوتوون.

حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئاشکرای کرد، لە هێرشە درۆنییەکەی شەوی رابردووی سەر کەمپی ئازادی، هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و سەلامەتن.

چوارچێوەی هەماهەنگی شەوی رابردوو لە بەغدا لە بارەی پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق کۆبوونەوە.

ئیمارات داوایەکی بەپەلەی لە هاوڵاتیانی خۆی کرد، کە وڵاتانی عێراق و ئێران و لوبنان جێبهێڵن.

میدیای ئێران رایگەیاند، شەوی رابردوو سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە تاران خرایەکار.

میدیای ئێران شەوی رابردوو بڵاویکردەوە، ئەو دەنگانەی لە باشوور و سەنتەری تاران بیستراون، رەنگە بۆ بەرپەرچدانەوەی چەند درۆنێک لە ئاسمانی پایتەخت بووبێت.

ئێران و ئەمریکا لە بارەی رێککەوتن بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز و راگرتنی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، هیچ پێشکەوتنێکیان بەخۆوە نەدیوە و ئێران دەڵێت، ئەمریکا نیازەکانی روون نین.

سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، جگە لە خۆی و چەند کەسێکی تر، کەس ناوەڕۆکی گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئێران نازانێت.

سەرۆکی ئەمریکا دوای واژۆکردنی کۆمەڵێک فەرمانی نوێ، لە واشنتن رایگەیاند، ئێران دۆخی زۆر خراپە و سەرکردەکانیان لەناوچوون، بەڵام ئەوان زۆر حەزیان لە گەیشتن بە رێککەوتنە.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، پاکستان نێوەندگیری فەرمی دەمێنێتەوە لە نێوان ئەوان و ئەمریکادا.

هه‌واڵگری تورکیا بەڵگەنامەیەکی بڵاوکردەوە کە بە “نهێنی سەرەکی” پۆلێنکراوە سەبارەت بە ئیمام خومەینی، رێبەری پێشووتری كۆماری ئیسلامیی ئێران و بەڵگەنامەکەش پەیوەندیدارە بە مانەوەی ناوبراو لەسەر خاکی تورکیا له‌ نێوان ساڵانی 1964 بۆ 1965.

زنجیرەی رووداوە نەخوازراوەکانی کەرکوک بەردەوامن و شەوی رابردوو ئاگر لە دووکانی فیتەرەکانی نزیک گەراجی سلێمانی لە کەرکوک کەوتەوە و چوار گەراجی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێل و دوو ئۆتۆمبێلیش سووتان.

بە بڕیارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێم، ماوەى مانەوە و نەگەڕانەوەی خوێندکاران و قوتابیانى هەرێم بۆ ئێران، کە لە زانکۆکانى ئەوێ دەخوێنن، تا رۆژی 15.5.2026 درێژکرایەوە.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت، دۆناڵد ترەمپ پەیوەندی بە عەلی زەیدییەوە کردووە و پیرۆزبایی لێکردووە، هەروەها داوەتی واشنتنیشی کردووە.

فڕۆکەخانەی کەرکوک دوێنێ بڵاویکردەوە، هەینی 1.5.2026 (ئەمڕۆ) گەشتی ئاسمانیی نێوان فڕۆکەخانەی کەرکوک و ئەنقەرە دەستپێدەکاتەوە.

شەوی رابردوو راگەیاندرا، دوای نزیکەی 7 ساڵ لە راگرتنی گەشتە بازرگانیەکانی نێوان ئەمریکا و ڤەنزوێلا، گەشتەکانی نێوان مەیامی و کاراکاس دەستپێدەکاتەوە.

پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی زاخۆ شەوی رابردوو رایگەیاند، “چوار تۆمەتباری دزیکردنمان دەستگیرکرد، کە پلانی دزیکردنیان لە دەوروبەری زاخۆ دانابوو، پلانەکەش دزیکردن بوو لە باخێک و پێشتریش دزیان لە چوار باخی تر کردووە و تێکیان داون”.

دوێنێ شەو چی روویدا؟

دوێنێ شەو چی روویدا؟