"لەناو کۆگاکان بیپارێزن بۆ ساڵی داهاتوو"
وەزارەتی پەروەردە لەرێگەی نووسراوێکەوە پەروەردەکان رادەسپێرێت کتێب لە قوتابیان وەربگرنەوە
964+
فەرهاد حەسەن
وەزارەتی پەروەردەی هەرێم، لە رێگەی نووسراوێکەوە پەروەردەی گشتی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان رادەسپێرێت کتێب لە قوتابیان وەربگرنەوە و دەشڵێت پێویستە کتێبەکان لەناو کۆگاکانیان بیپارێزن بۆ ساڵی داهاتووی خوێندن.
بەپێی نووسراوێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی دیوان لە وەزارەتی پەروەردە کە رۆژی 26.4.2026 دەرچووە و ئاڕاستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەکانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان کراوە، دوو خاڵی بۆ وەرگرتنەوەی کتێبی قوتابیان خستووەتەڕوو.
یەکەمیان، پێویستە دووپات لە قوتابخانەکانی سنووری پەروەردەکان بکرێتەوە کە رۆژانە لە دوای کۆتایی هاتنی هەر تاقیکردنەوەیەک، کتێب لە قوتابیان وەربگیرێتەوە بە شێوەیەک کە هەر بابەتێک بە جیا و رێکوپێک لە کۆگاکانی قوتابخانەکان دابندرێن بۆ دابەشکردنەوەیان بۆ ساڵی خوێندنی داهاتوو 2026 – 2027 بە رێژەیەک کە دواتر وەزارەت دیاریدەکات.
لە خاڵی دووەمی نووسراوەکەش هاتووە، پێویستە سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی بەدواداچوون بۆ ئەو پڕۆسیە بکەن، لەکاتی سەردانیان بۆ ناوەندەکانی خوێندن.