بەیانیتان باش و رۆژو رۆژگارتان بەخۆشی تێبپەڕێت
هەر لە هەواڵە گرنگەکانی ناوخۆ تا دەگاتە ئێران و ئیسرائیل و ئەمریکا بیزانە
ئەگەر بە هەر هۆکارێک ئاگات لە رووداوەکانی چەند کاتژمێری رابردوو نەماوە، ئەوا وەک هەمیشە کورت و پوخت بەیانیان 964 گرنگترین رووداوەکان کۆدەکاتەوە:
لە سەر ئاستی ناوخۆ هەواڵی هەرە دیاری ناو خەڵک ئامادەکارییە بۆ بەخاکسپاردنی هەڵکەوت عەزیز پەیامنێری کەناڵی رووداو لە بەغدا.
هەڵکەوت عەزیز دوێنێ دووشەممە بە رووداوی هاتوچۆ لە رێی چوونی بۆ بەسرە گیانی لە دەستدا.
هەر دوێنێ تەرمەکەی لە نەخۆشخانەی دیوانیە گەیەندرایەوە کەرکوک و خەڵکێکی زۆر لە پێشوازیدا بوون.
دوای ئەوەی ئاسمانی عێراق و کوردستان بە رووی گەشتەکاندا کرایەوە، وەزارەتی ئەوقاف رایگەیاند حاجیانی کوردستان بە فڕۆکە دەگەڕێنەوە، چونکە پێشتر ئامادەسازی ئەوە کرابوو کە بە رێی وشکانی بێنەوە.
هۆکاری وەستانی گەشتەکان هێرشە چەند کاتژمێرییەکەی ئێران و ئیسرائیل بوو بۆ سەر یەکتری.
رۆژنامەی مەعاریفی ئیسرائیلی ئەمڕۆ زانیاری لە بارەی ئەو هێرشانەوە ئاشکرا دەکات و دەڵێت ئێران بە 10 گوژمەی جیاواز 20 موشەکی تەقاندووە.
میدیاکانی ئیسرائیل دەڵێن دوای 50 رۆژ ئێران توانیویەتی ئەو هێرشە بکات، مانای وایە بە ئاستێکی زۆر لاواز سوپای پاسداران خۆی سازاندووەتەوە، بەڵام میدیاکانی ئێران دەڵێن ئەوە تەنیا ئاگادارکردنەوەی ئیسرائیل بووە، ئەگەرنا ئێران زۆر زیاتری لە دەست دێ.
لە وێنەی مانگە دەستکردەکاندا دەرکەوتووە لە دواهەمین هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران سەکۆیەکی هەڵدانی موشەک لە کرماشان کراوەتە ئامانج.
ترەمپ بە ئاکسیۆسی وتووە: شەوی هێرشەکە پەیوەندییەکی باشم لەگەڵ ناتەنیاهۆ بەست، پێم وت ئەگەر شەڕ لەگەڵ ئێران دەست پێ بکاتەوە ئەوا دەبێ خۆی بە تەنیا شەڕەکە بکات، چونکە ئێمە بەشداری ناکەین.
ترەمپ: لۆمەی ناتەنیاهۆ ناکەم، چونکە ئێران هێرشی کردووەو دەبوو وەڵامیان هەبێ.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ: ئیسرائیل قاییل بووە هێرشەکانی بەرامبەر ئێران رابگرێت، بەڵام لە لوبنان بەردەوام دەبێ.
نیویۆرک تایمز: کۆپتەرێکی ئەمەریکی لە نزیک هورمز کەوتووەتە خوارەوە، بەڵام نازاندرێت ئاخۆ ئێران خستوویەتیە خوارەوە یاخود بە هۆکاری تەکنیکی کەوتووە.
تویتەکەی ئیلۆن مەسک ئێرانی توڕە کردووەو دەڵێن ئەو هیچ لە مێژووی ئێران نازانێت بۆیە مافی ئەوەی نییە قسەی لەسەر بکات.
مەسک دوێنێ لە ئێکس نوسیبووی ناوی گەرووی هورمز لە ئاهورا مەزدای زەردەشتییەکانەوە وەرگیراوە.
پنتاگۆن سایتی عەلی بابای لە ناو لیستی ئەو سایتانە داناوە کە هاوکاری سوپای چین دەکەن، ئەمەش دەرگا دەکاتەوە بۆ ئەوەی رووبەرووی سزای ئەمەریکی ببێتەوە.