ئاکسیۆس بڵاویکردووەتەوە
ئێران پێشنیازێکی داوەتە ئەمریکا “کردنەوەی تەنگەی هورمز و کۆتایی هێنان بە جەنگ”
964+
فەرهاد حەسەن
ماڵپەڕی هەواڵی ئاکسیۆس بە پشتبەستن بە بەرپرسێکی ئەمریکی و دوو سەرچاوەی ئاگادار بڵاویکردەوە، ئێران لە رێگەی نێوەندگرانی پاکستانەوە پێشنیارێکی نوێی پێشکەش بە ئەمریکا کردووە بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز و کۆتاییهێنان بە جانگەکە، ئەو پێشنیازە بریتییە لە دواخستنی دانوستانە ئەتۆمییەکان بۆ قۆناغێکی دواتر.
ئاکسیۆس بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانی خۆی پشتڕاستی کردەوە کە پاکستان دوایین پێشنیارەکانی ئێرانی خستوهتە بەردەم ئەمریکا و روونیکردەوە کە ئێران پێشنیاری ئەوە دەکات سەرەتا “قەیرانی هورمز و گەمارۆکە” چارەسەر بکات، لەگەڵ درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە “بۆ ماوەیەکی زۆر”.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانەی زانیاریان داوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ نێوەندگرانی وتووه، هیچ کۆدەنگییەک لەناو سەرکردایەتی ئێراندا نییە لەسەر چۆنیەتی جێبەجێکردنی داواکارییە ئەتۆمییەکانی واشنتن.
ماڵپەڕەکە لە زاری سەرچاوەکانی خۆیەوە رایگەیاندوە، “تاوەکو ئێستا روون نییە کۆشکی سپی تا چەند ئامادەیە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێشنیارە نوێیەکانی ئێران”، لە کاتێکدا بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئاکسیۆسی وتووه، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا “ئەمڕۆ کۆبونەوەیەک ئەنجام دەدات و لەگەڵ تیمی ئاسایشی نیشتمانی تاوتوێی بژاردەکان دەکات سەبارەت بە ئێران”.
باڵام بەرپرسێکی کۆشکی سپی راگهیاندووە، واشنتن رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران ناکات کە گەرەنتی ئەوە نەکات کە چەکی ئەتۆمی بەدەست نەهێنێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، ئێران دەتوانێت پەیوەندی بکات ئەگەر بیەوێت دانوستان بکات بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە، جەختی لەوەکردەوە کە تاران ناتوانێت چەکی ئەتۆمی هەبێت، هاوکات عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران گەڕایەوە بۆ پاکستان بۆ ئەنجامدانی دانوستان سەرەڕای ئامادەنەبونی تیمی دانوستانکاری ئەمریکا.