بابەتێک بۆ پرۆگرامى خوێندنى زانکۆکان زیادکرا
بڕیاری وەزارەتە
وانەی “پەرەپێدانى کارو کارسازى” بۆ زانکۆ و پەیمانگەکان زیادکرا
964+
ئەحمەد مستەفا
وەزارەتى خوێندنى باڵا، لە بڕیارێکدا بۆ سەرجەم زانکۆ حکومى و تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان، وانەی “پەرەپێدانى کارو کارسازى” وەک پرۆگرامێکى نوێى خوێندن لە گشت بەش و کۆلێژ و زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان دەخاتە بوارى جێبەجێکردنەوە.
لە گشتاندنێکدا کە واژۆی دکتۆر ئارام محەمەد، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەسەرەو پاڵپشتە بە نوسراوى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران، تیایدا هاتوە؛ لەسەر فەرمانی جێگرى سەرۆک وەزیرانى هەرێمى کوردستان جەختدەکەینەوە لەسەر جێبەجێکردنى پرۆگرامى نوێى خوێندنى “پەرەپێدانى کارو کارسازى”.
بڕیارەکە وایە، لە ساڵى خوێندنى 2025-2026 بە دواوە لە گشت بەش و کۆلێژ و زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان “حکومى و تایبەت” بەهاوکارى و سەرپەرشتى سێنتەرەکانى کار “CDC” جێبەجء بکرێن.
ئامانج لە جێبەحێکردنى ئەم پرۆگرامە لە زانکۆ و پەیمانگەکان وەک وەزارەتەکە ئاماژەی پێ کردووە، پێویستی بە پەلەی ئامادەکردنی خوێندکارە بۆ بازاڕی کارو پەروەردەکردنی بیرۆکەی کارسازی، هاندانی داهێنان، بەهێزکردنی دەرچوان بە شارەزایی پراکتیکی بۆ دۆزینەوەی کار و دروستکردن و بەڕێوەبردنی بیرۆکەی بازرگانی، ستارتئەپ و پرۆژەی کۆمەڵایەتی.
جۆری پرۆگرامەکە پێکدێت لە دوو پەرتووک (پەرەپێدانی کار – (Career Development Skills و (پەرەپێدانی کارسازی – Entrepreneurship Skills Development) کە هەر پەرتوکێک دوو بەشی (Instructor Manual + Student Handbook) لەخۆ دەگرێت. لە هەردوو وەرزی ساڵی خوێندندا پێشکەش دەکرێت.