بڕیارێک لە "گومرگ"ەوە بەڵام چاودێری دەکرێت

کۆمپانیاکان دەتوانن ئۆتۆمبێلە زیادەکانی هەرێم هەناردەی دەرەوەی هەرێم بکەنەوە

فەرهاد حەسەن

بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگی هەرێم، کە سەر بە وەزارەتی داراییە بڕیارێکی بۆ ناردنە دەرەوەی ئەو ئۆتۆمبێلانە دەرکردووە کە لە هەرێمی کوردستان زیادەن و بەهۆیەوە نرخی ئۆتۆمبێلیان لە بازاڕەکان زیاد کردوە، بەڵام دەڵێت “ئەگەر بڕیارەکە بووە هۆی گرانبوونی نرخ ئەوا هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێتەوە”.

بڕیارەکە ئەمڕۆ 10.6.2026 دەرچووە و لە رۆژی 15.6.2026 ەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردن.

بەپێی بڕیارەکە، رێگە بە کۆمپانیاکان دەدرێت ئەو ئۆتۆمبێلانەی بە شێوەی کاتی (تابلۆی کاتی) هاوردەکراون و هێشتا بە ناوی کەسەوە تۆمار نەکراون، دووبارە رەوانەی دەرەوە بکرێنەوە، ئەمەش بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخی ئۆتۆمبێلی مۆدێل نوێی 2024، 2025 و 2026 ە، لە بازاڕەکانی هەرێمدا.

رێگە دراوە بە ناردنە دەرەوەی هەموو مۆدێلەکانی ئۆتۆمبێل کە وەکو “تایبەت” تۆمار کراون.

ئەو کۆمپانیایانەش کە دەیانەوێت ئەو کارە بکەن، پێویستە مۆڵەتی هەناردەکردن لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی وەربگرن، بەو مەرجەی کۆمپانیاکە بە فەرمی تۆمار کرابێت.

لە بڕیارەکە ئاماژە بەوەشکراوە، کە رەسمی گومرگی بڕی 5٪ لە نرخی خەمڵێنراوی ئۆتۆمبێلەکە وەک ڕەسمی گومرگی وەردەگیرێت و خاوەن ئۆتۆمبێلیش دەتوانێت سوود لەو تابلۆیە وەربگرێت کە ئۆتۆمبێلەکەی پێ هەناردە کردووەتەوە (واتە دەتوانێت بیخاتە سەر ئۆتۆمبێلێکی دیکە).

خاڵێکی دیکەی بڕیارەکەی گومرگی هەرێم ئەوەیە، کە مانگانە لە رێگەی لیژنەکانیانەوە چاودێری نرخی ئۆتۆمبێل لە بازاڕ دەکەن، ئەگەر ئەم بڕیارە ببێتە هۆی گرانبوونی نرخ، ئەوا بڕیارەکە هەڵدەسەنگێنرێتەوە.