ژماردنی دراوی دۆلاری ئەمریکی _ وێنە: 964
گەنجینەی ئەمریکا دادگایان لێ دەگرێ
“داتا و شوێنی ئەو پارانەمان لایە لە گەلی عێراق دزراون”
ئەحمەد مستەفا
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بە فەرمی رایگەیاند، داتا و زانیاری گشتگیر و بەڵگەدارکراوی لەبەردەستدایە، کە تێیدا شوێنی ئەو پارانە تۆمارکراوە کە لە گەلی عێراق دزراون و لە ماوەکانی رابردوودا بە قاچاخ براونەتە دەرەوە.
راپۆرتی وەزارەتەکە گشتیگر و هەمەلایەنە و لەبارەی عێراق دەڵێ، هەبوونی داتای تایبەت بە پارە دزراوەکانی عێراق و گەندەڵکاران رادەگەیەنێ.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو زانیارییانەی لەلایەن ئەوانەوە کۆکراونەتەوە بە وردی رێڕەوی ئەو پارە دزراوانە ئاشکرا دەکەن، لەنێویاندا ئەو بڕە پارە زەبەلاحانەی کە گواستراونەتەوە بۆ ئێران یان ئەوانەی خراونەتە سەر حیسابی شەخسی لایەن و کەسایەتییەکان لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق.
ەمریکا بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کار بۆ دۆزینەوەی ئەو پارانە دەکات، گەنجینە دەڵێ، سەرجەم ئەو کەسانەی تێوەگلاون لە دۆسییەکانی گەندەڵی و بە قاچاخبردنی پارەی گشتی، لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا رادەستی دادگا دەکرێن.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا (US Treasury) یەکێکە لە وەزارەتە گرنگەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە بەرپرسیارە لە پاراستنی سەقامگیری ئابووری و گەشەپێدانی سەرچاوە داراییەکانی وڵات، هەروەها خاوەنی دەسەڵاتێکی بەهێزە لە سەپاندنی سزای ئابووری لەسەر ئاستی جیهان.