وتەبێژی حکومەت قسەی نوێ دەکات

دژی ئەسیکۆدا نین و پاڵپشتی تێپەڕاندنی قەیرانەکە دەبین

ئەحمەد مستەفا

وتەبێژی حکومەت رایگەیاند، هەرێمی کوردستان دەیەوێت هاوکاری حکومەتی عێراق بێت بۆ دەرچوون لەو قەیرانە داراییەی لە ئەنجامی شەر لەناوچەکە تووشی بووە.

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێم دوای کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کە ئەمڕۆ چوارشەممە 10.6.2026 ئەنجامدرا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی، ئێمە دەمانەوێت کێشەکان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکەین.

لەسەر پێشنیازی حکومەتی هەرێم، لیژنەیەکی باڵا بۆ چارەسەری کێشەکان پێکدەهێندرێت و بەغداش پێشوازی لەمە دەکات، لەبارەی کۆمپانیا نەوتییەکان وتی، کۆمپانیا نەوتییەکان خواستی ئەوەیا هەیە دەست بە بەرهەمهێنانەوەی نەوت بکەنەوە و حکومەتی هەرێمیش دەیەوێت هاوکاری حکومەتی عێراق بێت بۆ دەرچوون لەو قەیرانە داراییەی لە ئەنجامی شەڕ لەناوچەکە تووشی بووە.

وە وتی، پاڵپشتی حکومەتی فیدڕاڵ دەکەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و تێپەڕاندنی قەیرانەکە، حکومەتی هەرێمی کوردستان دژی سیستمی ئەسیکۆدا نییە، بەڵام پێویستبوو حکومەتی هەرێم هاوشێوەی ناوچەکانی تری عێراق زوو لە سیستمی ئەسیکۆدا ئاگادار بکرایە بۆ ئەوەی زووتر ئامادەکاری بکردایە.