تۆمەتی 20 کاری تیرۆریستی دراوەتەپاڵ

سەرکردەیەکی “مقاوەمەی عێراقی” دەستگیر کرا

ئەرسەلان عەبدوڵا

نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدرالی، ناسراو بە FBI دەستگیرکردنی محەمەد باقر داود ئەلسەعدی راگەیاند، کە تۆمەتبارە بە رێکخستنی 20 هێرش لە سەرانسەری ئەوروپا و پلاندانان بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوەی جووەکان لە ئەمریکا.

بەگوێرەی زانیارییەکانی FBI، ئەلسەعدی و هاوکارەکانی لە سەرەتای مانگی ئاداری رابردووەوە پلان و هەماهەنگییان بۆ 18 هێرش داناوە بە ناوی جەماعەتی ئەسحاب ئەلیەمین، کە گرووپێکی ئیسلامیین و لە ئێران نزیکن، بەرپرسیارێتی هێرشەکانیان بۆ سەر قوتابخانە و کەنیسەی جووەکان و رێکخراوە خێرخوازییەکانی ئەوروپا و هەروەها چەند ئامانجێکی ئەمریکی و ئیسرائیلیشیان لە ئەستۆ گرتووە.

کاش پاتێل بەڕێوەبەری FBI لە راگەیاندراوێکدا وتی: “گواستنەوەی سەرکەوتووانەی FBI بۆ محەمەد ئەلسەعدی، ئامانجێکی دیکەی بەها بەرزە، کە بەرپرسیارە لە ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییە جیهانییە بەرفراوانەکان بۆ وڵاتێکی بیانی، دوایین سەرکەوتنە لە کارە مێژووییەکانی ئەم ئیدارەیە بۆ دادگاییکردنی تیرۆریستان”.

ئاماژەی بەوەش کرد، “ئەمە ئەرکێکی گەورە بوو، بە شێوەیەکی درەوشاوە لەلایەن بریکارەکانمان، لێکۆڵەران، یەکەکانی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی FBI و هاوبەشەکانمان لە دەزگاکانی دیکەوە جێبەجێکرا، جارێکی دیکە سەرکەوتنێکی بەرچاویان بەدەستهێناوە.”

لە درێژەی قسەکانیدا وتی، ئێمە بە قوڵی کاری هاوپەیمانەکانمان لە سەرانسەری جیهان بەرز دەنرخێنین، بە تایبەتی باڵیۆز تۆم باراک، کە سەرکردایەتی ئەم ئۆپەراسیۆنە هاوبەشە یەک لە دوای یەکەی کرد و رۆڵی سەرەکی هەبوو لە هێنانەدی ئەم ئەرکە و گواستنەوەی بۆ ئەمریکا.”

لە 9 ئاداری رابردوو محەمەد باقر ئەلسەعدی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تێلێگرام پەیامێکی بڵاوکردەوە کە لۆگۆی گرووپی ئەسحاب ئەلیەمینی لەسەر بوو، داوای بەشداریکردن لە “جیهاد”ی دەکرد، ئەمە بەپێی زانیارییەکانی FBI.

دەسەڵاتدارانی ئەمریکا رایانگەیاندووە، ئەلسەعدی هەروەها ئیدعای ئەوەی کردووە، کە بە ئاشکرا هەڕەشەی لە سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ و خێزانەکەی کردووە.

بە گوێرەی هەندێک زانیاری کە لە تۆڕی ئێکس بڵاوبووەتەوە، پێدەچێت ئەلسەعدی لە وڵاتێکی دەوروبەری عێراق دەستگیر کرابێت و گواسترابێتەوە ئەمریکا.