"بۆ گەشەپێدانی توانای فیکری منداڵانە"
وەزارەتی رۆشنبیری عێراق یەکەمین سەنتەری رۆشنبیریی منداڵانی لە کەرکوک کردەوە
فەرهاد حەسەن
وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەواری عێراق، یەکەمین سەنتەری رۆشنبیریی منداڵانی لە کەرکوک کردەوە ، دەڵێت، بۆ پەرەپێدانی بەهرە و فراوانکردنی تواناکانی منداڵە.
ئیسماعیل سولەیمان، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی رۆشنبیریی منداڵان لە وەزارەتی رۆشنبیری، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، ئەم سەنتەرە بەشدار دەبێت لە پەرەپێدانی توانا پەیوەندیدارەکان بە بەهرە فیکری و ئەدەبی و هونەرییەکان و فراوانکردنی تواناکانی منداڵ بۆ بونیادنانی فیکری مرۆیی.
وتیشی “دیدگای ئێمە لە وەزارەتی رۆشنبیری جەخت لەسەر وەبەرهێنان لە مرۆڤدا دەکاتەوە، چونکە ئەوە بنەمای کۆمەڵگەیە”، روونیشیکردەوە کە ئەم سەنتەرە بە یەکێک لە دیارترین ئەو وەبەرهێنانە دادەنرێت کە توانای هونەری و فیکری و رۆشنبیریی منداڵەکانمان گەشە پێدەدات.
ئاماژەی بەوەشکرد کە پارێزگای کەرکوک بە فرەچەشنیی نەتەوەیی جیادەکرێتەوە، ئەمەش دەکرێت بە شێوەیەکی کۆمەڵایەتی و ئەرێنی دەربکەوێت لە رێگەی ئەو داهێنانانەی کە منداڵان پێشکەشی دەکەن، کە ڕەنگدانەوەی کلتوورە جیاوازەکانیان دەبێت.
بەقسەی ئەو بەرپرسە، سەنتەرەکە هەموو منداڵان لەخۆدەگرێت و بەهۆی سەرپەرشتیارانیش، دامەزراوەکە کاردەکات بۆ چەسپاندنی بەرهەمی عەقڵی و بەهێزکردنی بەهاکانی پێکەوەژیان، لەگەڵ دەوڵەمەندکردنی دیمەنی رۆشنبیری لە کەرکوک.