پێشتر بە وەکالەت بەڕێوەى دەبرد

بەنکین رێكانی بوو بە سەرۆکی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانی عێراق

964+

وریا فەتاح

سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریدا بەنکین رێكانی وەک سەرۆکی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانی عێراق دابمەزرێنێت، بڕیارە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو بە فەرمی دەستبەکار ببێت.

جیهاد كازم، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانی رایگەیاند، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران فەرمانی دەرکردووە بۆ راسپاردنی بەنکین رێكانی بە پۆستی سەرۆکی دەسەڵاتەکە و چاوەڕوان دەکرێت یەکشەممەى داهاتوو دەست بە کارەکانی بکات.

پێشتر و لە سەردەمی حکومەتی پێشووی عێراق بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی، بەنکین رێكانی بە وەکالەت هەمان پۆستی بەڕێوەدەبرد، ئەوەش شانبەشانی پۆستەکەی وەک وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون.

ئەم گۆڕانکارییە لە کاتێکدایە، حکومەتەکەی زەیدی دەستی بە رێکخستنەوەی دامەزراوەکان کردووە و دۆسیەی فڕۆکەوانیش یەکێکە لە سێکتەرە گرنگەکانی پەیوەست بە بەڕێوەبردنی ئاسمانی عێراق و فڕۆکەخانەکان.