"سەرپێچیتان بینی وێنەمان بۆ بنێرن"
لە ناحیەی شۆڕش چەند شۆفێرێک سزادران کە بە ئۆتۆمبێلەکانیان پاشماوەیان فڕێدابوو
فەرهاد حەسەن
شارەوانی ناحیەی شۆڕش دەڵێت، ئەو ئۆتۆمبێلانەیان غرامە کردوە کە بێ گوێدانە پیسکردنی ژینگە پاشماوەکانیان فڕێدەدا
سەرۆکایەتی شارەوانی شۆڕش بلاویکردووەتەوە، لەپێناو فەراهەمکردنی ژینگەیەکی پاک و شایستە تیمەکانی شارەوانیمان لە رۆژانی رابردوودا هەستان بە دەسنیشانکردنی چەند ئۆتۆمبێلک کە بەشێوەیەکی نەشیاو و بێگوێدان بە پیسکردنی ژینگە و تەندروستی و بێزاری هاوڵاتیان پاشماوەی خۆڵ و خاشاکەکانیان لە سەر شەقام و نزیک شوێنی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیان فڕێداوە.
نوسراوێکی فەرمیشی بلاوکردووەتەوە تیایدا داوا لە بەڕێوەبەری ناحیەی شۆڕش کراوە شۆفێری ئەو ئۆتۆمبێلانە سزا بدەن بە پێبژاردن لە پێناوی دووبارەنەبوونەوە و بنەبڕکردنی ئەم دیاردەیە.
داواش لە هاوڵاتیان دەکات، لە کاتی بینینی هەر کارێک کە ببێتە هۆی پیسبونی ژینگەی شارەکە، وێنەی سەرپێچییەکانیان بۆ بنێرن تاوەکو سزای یاسایی بدرێن لە پێناو پاکڕاگرتن و تەندروستی هاوڵاتیان.