لەسلێمانی خوێندكار بووە
بەیادی نەوەدەكانەوە لەكەلارەوە هاتووە بۆ بینینی دیمەنەكانی سەرچنار
964+
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
دیمەنە جوانەكەی سەرچنار، لای هەمووان یادەوەری جێهێشتووە، بووەتە ئارامبەخشی و دڵنشینی خەڵكی شار و هەر كەسێك رۆژێك تێیدا ژیابێت.
عادل حسێن، بەیادەوەری پیاسەی ئێوارانی 36 ساڵی رابردوو، لەكەلارەوە هاتووە بۆ بینینی دیمەنی ئێوارانی سەرچنار و قسەی بۆ پەیامنێری 964 كردووە و وتی، من خەڵكی گەرمیانم، بەڵام تەمەنی گەنجی و خوێندكاریمان لە سلێمانی و سەیرانگای سەرچنار بەسەربردووە، یادگارییەكی زۆرمان لێرە هەیە و زۆربەی ئێواران لەگەڵ هاوڕێكانمان لە كارێزەوشكەوە بەپێ بۆ پیاسەیەكی ئێواران سەردانی سەرچنارمان كردووە.
بە قسەی خۆی، ساڵی 1990-1991 ئەوكاتە خوێندكاری پەیمانگای پێگەیاندنی مامۆستایان بووە، جگە لە سەیران و گەشت لەگەڵ هاوڕێكانیان بۆ خوێندن و كۆششكردن لە وانەکانیان روومایان کردووەتە سەرچنار.
لەلای عادل، سەرچنار و سلێمانی دوانەیەكن و بەیەكەوە جوانن، دیمەنەكانی بەهار و گوڵناریی پایزیشی یەكجار تایبەت و دڵڕفێنە، لەباسی یادگارییەكانی خۆی لەگەڵ سەرچنار دەڵێت، لێرە تەنیا یادگاری خوێندنمان هەبووە و چیرۆكێكی دیكەم نەبووە، شوێنەكەش بۆ هەمووان دەگونجێت و ئێمە وەكو گۆڕینی ژینگە و كەشی خوێندن سەردانی سەیرانگای سەرچنارمان كردووە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا