زاخۆ نەگەیشتە یاریی کۆتایی خولی یانەکانی کەنداو

هاندەرانی زاخۆ خەمبارن و دەڵێن “دڵمان تەقی”

964+

شڤان عەبدوڵا

یانەی زاخۆ نەگەیشتە یاریی کۆتایی جامی یانەکانی کەنداو و ئەمڕۆ ئێوارە لە دەوحە بە یانەی شەبابی سعودی دۆڕا، هاندەرانیش لە قەڵای کۆنی زاخۆ سەیری یارییەکەیان دەکرد و بە خەمباری مانەوە.

یارییەکە ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 19.4.2026 بە 3-4 گۆڵ بە لێدانە یەکلاکەرەوەکان لە بەرژەوەندیی  یانەی شەبابی سعودی کۆتایی هات، دوای ئەوەی یارییەکە لە کاتی ئاسایی و زیادکراو بە 1-1 گۆڵ کۆتایی هات.

یانەی زاخۆ نەیتوانی بگاتە یاریی کۆتایی و ململانێی بردنەوەی نازناوەکە بکات.

بە سەدان هاندەری دڵگەرمی یانەکە لە قەڵای کۆنی زاخۆ بە دیار شاشەیەکی گەورە سەیری یارییەکەیان دەکرد و چاوەڕێی سەرکەوتن بوون، بەڵام ئەمجارەش دڵشکاو مانەوە.

هاندەرێکی یانەکە بۆ 964 وتی، با ئەو ئیدارەیە بڕۆن و تەواو، وتیشی، “دڵمان تەقی وەڵا دڵمان تەقی”.

یانەی زاخۆ لەوەتەی لە 1987 دامەزراوە تا ئێستا لە ئاستی عێراق و دەرەوە هیچ نازناوێکی بەدەست نەهێناوە و ئەمەش بووەتە مەراقێکی گەورە لە دڵی هاندەرانی یانەکە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا