مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم - وێنە: ئەرشیف
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم:
“دەبێت رێکاری پێویستی سەلامەتی لە شوێنە گەشتیارییەکان توندوتۆڵتر بکرێن”
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم دەڵێت، ئەوەى خەڵکى هەڵەبجە و هەورامان کردیان بۆ دۆزینەوەى تەرمى روقیە، نامۆ نییە بە مرۆڤدۆستى خەڵکى کوردستان و داوایش دەکات، رێکاری پێویستی سەلامەتی لە شوێنە گەشتیارییەکان توندوتۆڵتر بکرێن.
مەسرور بارزانی لە پەیامێکدا سەرەخۆشی ئاڕاستەی بنەماڵە و کەسوکاری روقیە رافد دەکات کە دوێنێ تەرمەکەی لە ئاوی زەڵم دەرهێنرایەوە و دەڵێت، “سوپاس و پێزانینێکی زۆرم بۆ خەڵکی خۆشەویست و جوامێر و مرۆڤدۆستی پارێزگەی هەڵەبجە و هەورامان هەیە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هەوڵێکی بێ وچان و کۆششێکی بێ وێنەیان کرد لە دۆزینەوەی تەرمی گەشتیارێکی جوانەمەرگی خەڵکی کەربەلا بە ناوی روقیە ، کە ئەمەش هەرگیز نامۆ نییە بە کولتووری مرۆڤدۆستی و بەخشندەیی خەڵکی کوردستان”.
سەرۆکی حکومەت دەستخۆشی لە پارێزگاری هەڵەبجە و هێزە ئەمنییەکان و تیمەکانی بەرگری شارستانی و هەموو ئەو خۆبەخش و کەسانە دەکات رۆڵیان هەبووە لە دۆزینەوەی تەرمەکەدا.
“بە داخەوە لەم ماوەیەدا، رووداو و کارەساتی دڵتەزێنی خنکان زۆر بوون، دەبێ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت رێکار و رێنمایی پێویستی سەلامەتی لە شوێنە گەشتیارییەکان توندوتۆڵتر بکەن بە تایبەتی لە نزیک رووبار و بەنداو و سەرچاوەکانی ئاو”، مەسرور بارزانی وادەڵێت.
داوایش لە هاوڵاتیان و گەشتیاران دەکات، ئەو رێنماییانە لەبەرچاو بگرن و ئاگاداری سەلامەتی خۆیان و کەسوکاریان بن.
رۆژی سێشەممەی هەفتەی رابردوو کچێکی گەشتیاری بەنەتەوە عەرب و خەڵکی کەربەلا بەناوی روقیە رافد و تەمەن 11 ساڵ کەوتەناو ئاوی هاوینەهەواری زەڵم لە ئەحمەدئاوا، دوێنێ دوای 9 رۆژ گەڕان تەرمەکەی دۆزرایەوە و ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێکی شکۆداردا رەوانەی زێدی خۆی کرایەوە.