لۆگۆی بانکی ناوەندی دەردەکەوێت لەگەڵ چەکوشی یاسا و دۆلار - گرافیک: بانکی ناوەندی عێراق
راگەیەندراوێک لە بانکی ناوەندییەوە
هیچ نیازێک نییە بۆ دەستکاریکردنی نرخی دینار
ئەحمەد مستەفا
بانکی ناوەندی عێراق لە نوسراوێکدا، ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە هەوڵێک دەکەن بۆ گۆڕینی نرخی ئاڵوگۆڕی دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی.
بانکی ناوەندی بە فەرمی هۆشداریدا لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەواڵە چەواشەکارییەکان و ئاشکرای کرد کە نوسراوێکی ساختە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ناوەندەکاندا بڵاوکراوەتەوە.
تێیدا بە درۆ هاتووە “سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران داوای لە لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران کردووە نرخی دۆلار بۆ 1600 دینار بەرز بکرێتەوە.” بانکی ناوەندی دەڵێ، ئەم نوسراوە هیچ بنەمایەکی راستی نییە و بە تەواوی ساختەکراوە، هەروەک لە نوسراوەکەدا بە “مزور” دەستنیشانی کردوو.
بانکی ناوەندی بە توندی هەموو ئەو هەواڵانە رەتدەکاتەوە کە باس لە نیازی دەستکاری کردنی نرخی دینار دەکەن.
داواشی لە دەزگاکانی راگەیاندن و هاوڵاتییان کردووە، وربن لە گواستنەوەی هەواڵەکان و تەنیا پشت بە سەرچاوە فەرمییەکان و ئەو زانیارییانە ببەستن کە لەلایەن نوسینگەی یاگەیاندنی بانکی ناوەندییەوە بڵاودەکرێنەوە.
