هەڵەبجەییەکان تا کۆتایی مانگی رەمەزان مۆڵەت دەدەنە حکومەت

964+
محەمەد عومەر – هەڵەبجە

بەشێک لە دانیشتوانی هەڵەبجە گردبوونەوەی ناڕەزایەتیان کرد و بۆ جێبەجێکردنی داواکانیشیان تا کۆتایی مانگی رەمەزان مۆڵەت دەدەنە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت.

گردبوونەوەکە ئەمڕۆ سێشەممە 14.3.2023، واتە دوو رۆژ بەر لە 35یەمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بەڕێوەچوو.

داواکاریی خۆپیشاندەران تەواوکردنی پڕۆژە تەواونەکراوەکان و ئەنجامدانی پڕۆژەی نوێی خزمەتگوزارییە لە شارەکەیان.

لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی هەڵەبجە بە تۆڕی 964ـی راگەیاند، ئێمە بەشدارین لەو خۆپیشاندانە و هەروەها بایکۆتی یادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەش دەکەین.

ئەو خۆپیشاندانە لەکاتێکدایە، دوێنێ دووشەممە 13.3.2023، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق هەڵەبجەی وەک 19یەمین پارێزگای عێراق ناساند و خرایە پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی 2023ـ.

رێناس عەلی، کە یەکێکە لە سەرپەرشتیارانی خۆپیشاندانەکە داواکارییەکانیانی بۆ تۆڕی 964 ئاشکرا کرد، کە بریتین لە ئەنجامدانی پڕۆژەی خزمەتگوزاری و تەواوکردنی پڕۆژە کۆنەکان و چارەسەرکردنی بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی و دابینکردنی هەلی کار.

وتیشی، “ژمارەیەک خۆپیشاندانی تر ئەنجام دەدەین و مۆڵەتی کۆتایی مانگی رەمەزانیش دەدەین بە حکومەت بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانمان”.

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد