ترسیان لە مار و زیندەوەر هەیە

هاوڵاتیان داوا دەکەن گۆڕستانی عامودا پاکبکرێتەوە

نووسینگەی رۆژئاوای کوردستان

هاوڵاتیانی شاری عامودای رۆژئاوای کوردستان داوا دەکەن شارەوانی هەڵمەتێک دەستپێبکات بۆ پاککردنەوەی گۆڕستانی شارەکەیان، پێش ئەوەی رۆژی عەرەفە بێت و سەردانی گۆڕی ئازیزانیان بکەن.

دایکی خەلیل یەکێک لە خانمەکانی عامودایە و بە 964ی وت، هەموو پێنجشەممەیەک سەردانی گۆڕستان دەکات، بەڵام دڕک و داڵ و گیای زۆربەرزی تێدایە و رێگەی خۆیان ون دەکەن، بۆیە داوا دەکەن پێش هاتنی عەرەفە و جەژن گۆڕستانەکە پاکبکرێتەوە.

هەروەها ئیبراهیم سلفیج هاوڵاتییەکی دیکەی عامودایە و بە 964ی وت، شارەوانیی عامودا کەمتەرخەم نین و خزمەتێکی زۆر دەکەن، داواشیان لێدەکات گۆڕستانی عامودا پاکبکەنەوە، چونکە ترسیان لە مار و زیندەوەری زیانبەخش هەیە و گیای بەرز و دڕکی زۆری تێدایە، خەڵکی شارەکەش وەک نەریتێک رۆژانی عەرەف و جەژن سەردانی گۆڕی ئازیزانیان دەکەن.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا