چواریان گواسترانەوە سلێمانی
رووداوێکی هاتوچۆ لە شارەزوور شەش کارمەندی ئاسایشی بریندار کرد
بڕوا مەجید_شارەزوور
بەهۆی رووداوێکی هاتوچۆوە لە سارەزوور شەش کارمەندی ئاسایش بریندار بوون و چواریان گواستراونەتەوە سلێمانی.
رووداوەکە، ئێوارەی ئەمڕۆ لەنێوان ئۆتۆمبێلێکی مێکزەمینی هێزە ئەمنیەکان و ئۆتۆمبێلێکی تایبەت جۆری جێمسی، لە ترافیکی بەردەم دادگای بەرای شارەزوور روویدا.
سالارکەریم، کارگێڕی ئێشگر لە نەخۆشخانەی گشتی شەهید ڕەئوف بەگ لە شارەزوور، بە 964ی وت، کاتژمێر 6:30 ی خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ بەهۆی ڕوداوێکی هاتوچۆوە، شەش بریندار گەیەندرایە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکە، دوای چارەسەری پێویست بەهۆی سەختی برینەکەیانەوە چوار بریندارمان ڕەوانەی نەخۆشخانە گشتی سلێمانی کراون.
وتیشی “دوو لە بریندارەکان تەندروستیان جێگیر بوو سەرجەمیشیان کارمەندی ئاسایشن”.
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی نەخۆشخانەکە، بە 964 ی وت، شەش بریندارەکە سەرجەمیان هێزی ئەمنی و کارمەندی ئاسایشی شارەزوورن و لەکاتی ئەرکدابوون،کە تەمەنیان لە نێوان 43 ساڵ بۆ 50 ساڵاندایە.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن