لە نزیک کەناراوەکانی عومان
تانکەرێکى نەوت بە موشەکێکی نادیار پێکرا
وریا فەتاح
دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا (UKMTO) ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند، کە تانكەرێکی نەوت لە لای چەپی پێشەوەیەوە بەهۆی موشەکێکى نادیارەوە پێكراوە، لە کاتێکدا لە نزیک کەناراوەکانی سوڵتانشینی عومان لە گەشتدا بووە.
دەستەکە لە بەیاننامەیەکدا روونکردنەوەی داوە کە رووداوەکە دوێنێ هەینی لە دووری شەس مایلی دەریایی لە رۆژهەڵاتی عومان روویداوە. جەختیشی کردووەتەوە کە سەرجەم ستافی کەشتییەکە سەلامەتن و هیچ بریندارێک نییە، هەروەها هیچ زیانێکی ژینگەیی لە ناوچەکە تۆمار نەکراوە و تانكەرەکەش بەردەوام بووە لە گەشتەکەی بەرەو بەندەری داهاتوو.
ئەم رووداوە لە کاتێکدا دێت کە گرژییەکی زۆر لە رێڕەوە ئاوییەکانی نزیک لە سوڵتانشینی عومان هەیە، کە لە چەند رۆژی ڕابردوودا چەندین رووداوی ئەمنیی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە:
بەرپرسانی دەریاوانی رۆژی چوارشەممەی رابردوو رایانگەیاند کە سێ دەریاوانی هیندی بێسەروشوێن بوون و 21ی دیکەش رزگارکراون، ئەمەش دوای هێرشێکی موشەکی کە گومان دەکرێت ئەمریکی بووبێت بۆ سەر تانكەرێکی نەوت لە کەناراوەکانی عومان.
کۆمپانیای “ئەمبری”ی بەریتانی بۆ ئاسایشی دەریایی ئاماژەی بەوە کردووە کە هەڵسەنگاندنەکان نیشانی دەدەن کە هێرشەکەی پێشوو “بە ئەگەرێکی زۆرەوە بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکاوە بووە کە پەیوەستن بەو گەمارۆیەی بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا سەپێنراوە”.
پێشتریش تانكەرێکی گواستنەوەی ماددە کیمیاییەکان و بەرهەمە نەوتییەکان کە ئاڵای “پالاو”ی پێوەبوو، راپۆرتی دابوو لەسەر کەوتنەوەی ئاگر لە ژووری بزوێنەرەکانیدا لە دووری 20 مایلی دەریایی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی بەندەری “سوحار”ی عومانی.