زەڕایەنی کۆن
“ژیانمان لەناو کرم و زەلکاودایە و ئەوەی لێرە هەیە ناوی ژیان نییە”
+964
بڕوا مەجید – زەڕایەن
دانیشتووانی گوندی زەڕایەنی کۆن لە دۆخێکی تەندروستی و خزمەتگوزاریی خراپدا دەژین، نەبوونی ئاوەڕۆ و تێکچوونی رێگاوبانەکان، کۆڵانەکانی ئەو گوندەی گۆڕیوە بۆ زەلکاو، ئەمەش مەترسییەکی جیدی لەسەر ژیانی هاوڵاتیان و بە تایبەت منداڵانی ناوچەکە دروست کردووە، قایمقامی سنوورەکەش دەڵێن ئەو گوندە کێشەی ئیدارییان هەیە.
هێمن جەبار، هاوڵاتییەکی گوندەکەیە و بۆ 964 وتی، “ژیانمان لەناو کرم و زەلکاودایە، ئەوەی لێرە هەیە ناوی ژیان نییە، نەبوونی خزمەتگوزاریی سەرەتایی وەک ئاوەڕۆ و رێگاوبان، ژیانی لێ تاڵ کردووین و گەڕەکەکەمان بە تەواوی بووەتە زەلکاو”.
زەڕایەنی کۆن خۆی گوندە، بەڵام ئێستا بووە بە گەڕەک، ئەمەش وایکردووە کێشەی ئیدارییان بۆ دروست بێت.
بەختیار عەبدولقادر، هاوڵاتییەکی دیکەی گوندەکەیە و باس لە مەینەتییەکانیان دەکات و بۆ 964 دەڵێت: “زیاتر لە 25 ساڵە لێرە دەژین، بەڵام ئێستا تەحەمولی ژیانمان نەماوە، منداڵەکانمان لەناو ئەم زەلکاوەدا یاریی دەکەن، کاتێک تۆپەکەیان دەکەوێتە ناو ئاوەڕۆکە، دەستیان بە قوڕ و پیسی دەبێت، ئاوەکە کرمی هەڵهێناوە و ئەمەش دەبێتە هۆی نەخۆشیی درێژخایەن بۆ منداڵەکانمان.”
سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەکە، بورهان مەلا رەشید، سەرۆکی شارەوانیی زەڕایەن، بۆ 964 ئەوەی وت: “تەنیا زەڕایەنی کۆن نییە، بەڵکو دوو گوندی تریش هەمان کێشەیان هەیە، هۆکارەکە ئەوەیە ئەم شوێنانە لە نەخشەی هونەری شارەوانیماندا نین، بۆیە ناتوانین پڕۆژەکانیان بخەینە ناو ماستەرپلانەوە، دەبێت داواکارییەکانیان لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی ناحیەوە بەرز بکرێتەوە بۆ ئەوەی رێکارە یاساییەکانی بۆ بگیرێتە بەر”.
“ئەو ماڵانە پێشتریش داواکارییان پێشکەش کردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕیارێک بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانیان نەدراوە”، سەلام عومەر بەڕێوەبەری ناحیەی زەڕایەن، وای وت.
بەڕێوەبەری ناحیە ئاماژەی بە گرفتێکی دیکەش کرد، هاوڵاتیانی گوندەکان زۆر لە ناحیەکەوە نزیکن، بەڵام نایانەوێت ببنە گەڕەکێکی سەر بە ناحیەکە، لە هەمان کاتدا داوای پڕۆژەش دەکەن، لە ساڵانی رابردوودا چەند کۆڵانێکیان بۆ قیرتاو و کۆنکرێت کراوە، بەڵام ئەم چەند گەڕەکەیان جێماون، ئێمە بەدوای داواکارییەکانیاندا دەچین و هەوڵدەدەین چارەسەرێکی گونجاویان بۆ بدۆزینەوە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا