نزیکەى 7 ملیۆن دۆلار تێچووەکەیەتى
بە دەزووی زێڕ و زیو نەخشێندراوە؛ بەرگێکی نوێ بەبەر کەعبەدا دەکرێت
وریا فەتاح
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، لەگەڵ دەستپێکی یەکەم رۆژی ساڵی نوێی کۆچی، لە رێوڕەسمێکی ئایینی و تایبەتدا بەرگی کەعبەی پیرۆز (کیسوە) گۆڕدرا و پۆشاکێکی نوێی بەبەردا کرا.
دەستەی گشتی بۆ چاودێریکردنی کاروباری مزگەوتی حەرام، لەرێگەی تیمێکی گەورەی شارەزا و پێکهاتوو لە چەندین ئەندازیار و پیشەوەر، دوای هێنانە خوارەوەی بەرگە کۆنەکە، بەرگە نوێیە ئاوریشمییەکەیان بەسەر کەعبەدا کێشا و جێگیریان کرد.
ئەم بەرگە نوێیە، کە بە یەکێک لە گرانبەهاترین پۆشاکەکانی جیهان دادەنرێت، تێچووەکەی دەگاتە نزیکەی 25 ملیۆن ریالی سعودی (زیاتر لە 6.5 ملیۆن دۆلار).
لە دروستکردنی بەرگەکەدا، 825 کیلۆگرام باشترین جۆری ئاوریشمی خاوی سروشتی بەکارهاتووە. هەروەها بۆ نەخشاندن و چنینی ئایەتەکانی قورئان لەسەر پۆشاکەکە، 120 کیلۆگرام زیوی رووپۆشکراو بە زێڕ و 60 کیلۆگرام زیوی پاک بەکارهێنراوە.
بەرگی کەعبە ساڵانە جارێک دەگۆڕدرێت، ئەو بەرگەی ئەمڕۆ پۆشراوە بەرهەمی کاری ساڵێکی تەواوی زیاتر لە 200 پیشەوەر و شارەزایە لە “کۆمەڵگەی شا عەبدولعەزیز بۆ بەرگی کەعبە”، کە بە وردترین تەکنەلۆجیا و کاری دەستی ئامادەیان کردووە بۆ ئەوەی بەرگەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا بگرێت. بڕیارە ئەم پۆشاکە تا ساڵی داهاتوو بەسەر کەعبەوە بمێنێتەوە.