ئەسفەهان؛ ئێران دەڵێت خستوومانەتە خوارەوە و ئەمریکاش دەڵێت خۆمان تەقاندوومانەتەوە

964+

وریا فەتاح

لە دەوروبەری ئەسفەهان فڕۆکەیەکی ئەمریکی تێکشکا، سوپای پاسداران دەڵێت “خستوومانەتە خوارەوە”، بەڵام میدیاکانی ئەمریکا دەڵێن “خۆمان تەقاندوومانەتەوە”.

ئەمڕۆ یەکشەممە (5ـی نیسانی 2026)، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران رایگەیاند، هێزەکانیان لە باشووری ئەسفەهان فڕۆکەیەکی ئەمریکییان تێکشکاندووە. بەپێی راگەیەندراوەکە، فڕۆکەکە خەریکی گەڕان بووە بەدوای فڕۆکەوانێکی ئەمریکیدا کە پێشتر فڕۆکە جەنگییەکەی خرابووە خوارەوە. میدیاکانی ئێران وێنەی کەوتنی فڕۆکەکە و بەرزبوونەوەی دووکەڵیان لە شوێنەکە بڵاوکردووەتەوە.

میدیاکانی ئەمریکا وێنەیەکی تەواو جیاواز نیشان دەدەن؛ رۆژنامەی “نیویۆرک تایمز” دەڵێت، لە کاتی پرۆسەی گەڕانەکەدا، دوو فڕۆکەی گواستنەوەی ئەمریکی لە ناوچەیەکی دوورەدەست “پەکیان کەوتووە”، سوپای ئەمریکاش بۆ ئەوەی نەکەونە دەستی ئێرانییەکان، هەر لەوێ هەردوو فڕۆکەکەی تەقاندووەتەوە.

رۆژنامەی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ” لە زاری سەرچاوە سەربازییەکانەوە بڵاویکردەوە، سەرجەم ئەو هێزانەی بەشداریی پرۆسەی رزگارکردنی فڕۆکەوانەکەیان کردووە، بە سەلامەتی گەڕاونەتەوە و هیچ زیانێکی گیانییان بەرنەکەوتووە.